نووسه‌ر و ئه‌كادیمییه‌كان گه‌شبینین به‌ سه‌ركه‌وتنی مه‌سرور بارزانی

گه‌شه‌دان به‌ دیموكراتیش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌تر ده‌بێت له‌ژیانی سیاسیدا

K24 – هه‌ولێر:

نووسه‌ر و ئه‌كادیمیانی كورد و بیانی گه‌شبینن به‌ به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ و ده‌ڵێن: به‌هێزی و جددییه‌تی پێشتری له‌كار و كارگێڕیدا زامنی سه‌ركه‌وتنی داهاتوویه‌تی.

ئه‌و نووسه‌ر و ئه‌كادیمیانه‌ هیواخوازن راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت مه‌سرور بارزانی، هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئارامی و سه‌قامگیری و ئابورییه‌كی باشتر به‌رێت، گه‌شه‌دان به‌ دیموكراتیش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌تر ده‌بێت له‌ژیانی سیاسیدا.

رۆژی 12ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی رابردوو، مه‌سرور بارزانی، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راسپێردرا و به‌ گوێره‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ 30 رۆژی له‌به‌رده‌مدا ده‌بێت بۆ راگه‌یاندنی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تا 12ی ئه‌م مانگه‌ له‌ واده‌ی یاسایی خۆیدا كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنرێت.