هه‌وڵه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك چڕده‌كرێنه‌وه
ھێزێك بە بەشداری سەرجەم پێكھاتەكانی كەركووك دۆسیەی ئەمنی ئه‌و شاره دەگرێتە ئەستۆ
K24- كه‌ركووك:
یەکێتی و پارتی گەشتونەتە ڕێکەوتنی کۆتایی بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووك، به‌گوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان۲٤، بڕیار لەوە دراوە هەفتەی داهاتوو کاندیدی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لەلایەن لیستی برایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکەوە پێشکەش بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌م پرسه، رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان چه‌ندین كۆبوونه‌وه له نێوان پێکهاتەکانی كه‌ركووك ئه‌نجامدراون".
له‌كاتێكیشدا بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتودا شاندێكی "UN" سەردانی یەکێتی و پارتی بکات، وەك هەنگاوی یەکەمیش بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و شاره به‌شێك له پۆلیسی فیدراڵی لە کەرکوك کشاوه‌ته‌وه و بڕیارە سوپای عێراق جێگەیان بگرێتەوە.
بە گوێره‌ی ڕێکەوتنی نێوان نەتەوەکان، هێزێك لە سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوك پێکده‌هێنرێت، بۆ ئەوەی دۆسیه‌ی ئەمنی شارەکە بگرنە دەست.
له‌مباره‌شه‌وه عه‌لی مه‌هدی، ئه‌ندامی توركمان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌ڵێت: تا ئێستا گفتوگۆكان نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ ئه‌نجامێك و وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، "من پێموایه هه‌ندێك شوێنی ئه‌و گفتوگۆیانه شكستی هێناوه بۆیه داوا ده‌كه‌م له په‌رله‌مانی عێراق و هه‌موو شاره‌كان ئه‌ندامیان له‌و لێژنه‌یه‌دا هه‌بێت، بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك".
ئاشكراش ده‌كات، "ناكۆكی سه‌ره‌كی نێوانمان پۆستی پارێزگای و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه بۆ كه‌ركووك".
H.B