وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی نەبوونی ئێرباگی ئۆتۆمبێل روونكردنەوە دەدات
"چاوەڕێی رەزامەندی وەزیری ناوخۆ دەكەین"
K24 - ھەولێر
لەبارەی كاركردن بە پشكنینی سیستمی ئێرباگی ئۆتۆمبێل و سزاكانی وەك مەرجی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەیەك باسی ئەو بابەتەیان كردووە و چاوەڕێی رەزامەندی وەزیری ناوخۆ دەكەن.
سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەیەكدا باسمان لە نەبوونی ئێرباگی ئۆتۆمبێل كردووە و بۆ ئەم مەبەستە چاوەڕێی رەزامەندی وەزیری ناوخۆ دەكەین، ئەگەر ئەو پێشنیارانەی پۆلیسی ھاتووچۆ كە لە كۆبوونەوەكە خراونەتەڕوو پەسەند بكرێن وەك بڕیار بڵاوی دەكەینەوە، بەڵام تا پەسەند نەكرێ ناتوانین بڵاوی بكەینەوە".
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی گۆڕانكاری لە ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاو كەوتوو، سامی جەلال گوتی: "ھیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەو بڕیارەدا نەھاتووە و بڕیارەكە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت".
كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لەمیانی رێوڕەسمی كردنەوەی پەیمانگای پەرەپێدانی ئەمنی بوو، كە ئەمڕۆ لە ھەولێر كرایەوە ئاماژەی بەوەشدا: "ھۆڵێكی تایبەت بە تەنكەلۆجیای زانیاری ئامادەكراوە و تا چوار ساڵی داھاتوو نابێ ھیچ كارمەندێكی وەزارەتی ناوخۆ كاركردن لە كۆمپیوتەر نەزانێت".
ھ.م