پەرلەمانی كوردستان لە كێشەی ناوچە كوردستانییەكان دەكۆڵێتەوە
شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ناوچە كوردستانییەكان دەكات
K24 - كەركووك
ئەمڕۆ شاندێكی لیژنەی ناوچە دابڕاوەكانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانیان كرد و لە كێشەی خەڵكی ناوچەیەكەیان كۆڵییەوە.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی شاندەكە بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان چەند لیژنەیەكمان بۆ ئەو ناوچانە پێكھێنا كە ئەم دواییە چەند رووداوێكی نەخوازراوی تێدا رووداوە، وەك سوتانی گەنمی جوتیاران و تەعریب كردنەوەی چەند گوندێكی كوردنشین، بۆیە بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە گوێ لە گلەیی ھاووڵاتیان بگرین و داتا و زانیارییەكان لەبارەی ئەو رووداوانە كۆبكەینەوە".
گوتیشی: "لە دەستپێكی سەردانەكەماندا بۆ ئەو ناوچەیە نووسینگەی كەركووكی پەرلەمانمان بەسەر كردەوە كە ئێستا لە قەرەھەنجیرە و لەگەڵ بەرپرسی نووسینگە و كەسایەتی و رۆژنامەنووسانی ناوچەكە كۆبووینەوە، بۆ ئەوەی راپۆرتێكی تێروتەسەل لەسەر رووداوەكان ئامادەبكەین و بیكەینە نووسراوێك بیدەینە پەرلەمانی عێراق و كونسوڵخانەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان".
ھ.م