داعش و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان كوردانی زه‌رگۆشییان جینۆساید كردووه‌

كورده‌ زه‌رگۆشییه‌كان پارێزگاری له‌ شووناسی خۆیان ده‌كه‌ن

K24 - گه‌رمیان:

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، کوردە زرگۆشییەکانی سنووری خانەقین، زیاتر له‌  850 کەسیان لەلایه‌ن گرووپە تیرۆريستیيە جیاجیاکانەوە لێ کوژراوە.

نووسه‌رێكیش کە بۆماوەی پێنچ ساڵ کاری لەسەر کۆکردنەوەی ئەو بەڵگە و تاوانانە کردووە کە بەرامبەر زرگۆشیيه‌کان کراوە، دەڵیت: "بەڵگەکان دەیسه‌لمێنن، تاوانەکان بەرامبەر بە کوردانی زرگۆش، دەچنە چوارچێوه‌ی تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەوە".

نووسه‌رێك كه‌ بۆ ماوەی پێنج ساڵ خەریکی کۆکردنەوەی دۆکۆمێنت و بەڵگەبووە، روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ چۆن لەسنووری پارێزگای دیالە لەسەردەمی حکوومەتە یەك لەدوای یەکەکانی عێراق، تاوەکو دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئەلقاعیدە و گرووپە تیرۆريستیيەکانی دیکە تاسەردەمی داعش، زەرگۆشەکان ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید کراونەتەوە و لەنێو كتێبێكدا بەناوونیشانی "جینۆسایدی زەرگۆشەکان، لاپەرەیەکی تری سڕینەوەی شووناس" بەچاپ گەیاندووە.

زەرگۆشەکان تیرەیەکن سەربەهۆزی کەلهووڕ، بەپێی بەڵگەنامە مێژوویيەکان، زیاد له‌ 250 ساڵە لە کوردستانی رۆژهەڵاتەوە هاتوون لە 37 گوند، شارۆچکەكانی سەعدیە، گوڵاڵە و خانەقین نیشتەجێبوونە، بەڵام بەهۆی ئەو کارەساتە یەك لەدوای یەکانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، 35 گوندیان خاپوور کراون و تەنها دوو گوندیان بەدەستەوە ماوە، نزیکەی 4 هەزار خێزانیانیش لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانیشدا ئاوارەبوونە.

ئ. م