خه‌ڵكی ئه‌ترووش داوا له په‌كه‌كه ده‌كات خۆیان له گوند و ئاواییه‌كانیان به‌دوور بگرن
"بوونی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه بووه‌ته مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان"
K24- دهۆك:
گوندنشینانی سنووری شارەدێی ئەترووشی دەڤەری مزووری ژێریی سه‌ر به پارێزگای دهۆك، داوا له په‌كه‌كه و توركیا ده‌كه‌ن، شه‌ڕی خۆیان له خه‌ڵكی سڤیل دوور بخه‌نه‌وه و ململانێكانیان ببه‌نه‌وه ناو خاكی خۆیان و چیدیكه گرفت بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دروست نه‌كه‌ن، چونكه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، بوونی چەكدارانی پەكەكە له سنووره‌كه‌یان بووەتە سەرئێشە بۆیان.
هاشم مزووری، كه گوندنشینێكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یه ده‌ڵێت: داوایان لێ ده‌كه‌ین، خۆیان له خه‌ڵكی سڤیل به‌دوور بگرن، ئێستا به هۆی شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیاوه، خه‌ریكه ته‌واوی ده‌ڤه‌ری مزووری ژێری چۆڵ ببێت.
هاووڵاتیێكی دیكه‌ش به ناوی ئه‌كره‌م روبهتكی، كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه ده‌ڵێت: ئێستا گونده‌كانمان له شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیادا كراونه‌ته ئامانج، داوا له په‌كه‌كه ده‌كه‌ین، له سه‌نته‌ری گوند و ئاواییه‌كان نزیك نه‌بنه‌وه، ئێستا كه كاتی كۆكردنه‌وه‌ی بهروبوومهكانه و ژیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش له سه‌ر داهاتی ئه‌و به‌روبوومانه‌یه، بوونی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه بووه‌ته مایه‌ی سه‌رئێشه بۆیان.
هاوكات شێردل سمۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ئه‌ترووش له لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، بوونی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه به مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی گوندنشینان ده‌زانێت و ده‌ڵێت: نامانه‌وێت چیتر په‌كه‌كه ببێته هۆی چۆڵكردنی ئاواییه‌كان، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێ دا، له هه‌ر شوێنێك په‌كه‌كه بوونی هه‌بێت، به‌هانه ده‌داته ده‌ست فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی بۆردوومانی بكه‌ن.
ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به هۆی بوونی په‌كه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا ئه‌و ناوچانه بۆردوومان ده‌كه‌ن، به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌یان جار خه‌ڵكی سڤیل كراوه‌ته ئامانج و تا ئێستا سه‌دان كه‌س بوونه‌ته قوربانی و به ده‌یان گوند و ئاواییش چۆڵ كراون، بۆیه داوا له په‌كه‌كه ده‌كه‌ن، چیتر نه‌بنه سه‌رئێشه بۆیان و خۆیان له‌و ناوچانه به‌دوور بگرن.
H.B