دیپلۆماتکارانی کورد و بەریتانی هەوڵی پێشخستنی پەیوەندییەکانیان دەدەن
نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رێوڕەسمێکی رێکخست
K24 - لەندەن
بە ئامانجی دروستکردن و زیاتر بەھێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کورد لە بەریتانیا، نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رێوڕەسیمێکی تایبەتی لەناو تەلاری پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕێكخست.
بەشێک لە پەرلەمانتارانی بەریتانیا و کەسایەتییە سیاسییەکانیش ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.
کاروان جەمال تاھیر، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە كوردستان24ی راگەیاند: "وەك نوێنەرایەتیی حكوومەتی ھەرێم ساڵانە رێوڕەسمێك رێكدەخات، ئەمەش وەك سوپاسگوزاریی حكوومەتی ھەرێمە بۆ دۆست و ھاوڕێیانمان لە پەرلەمان و حكوومەت و دامەزراوەكانی بەریتانیا و رەوەندی كورد لە بەریتانیا، لە ھەمان كاتدا ئەو رێوڕەسمە دەرفەتێكی باشە بۆ بەھێزكردنی پەیوەندییەكان".
ھەروەھا مایک کەیپس، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا كه یەكێك بوو لە بەشداربووانی رێوڕەسمەكە، بە كوردستان24ی گوت: "لە 2015 ئەم شانازییەم بێ بڕا كە مەسرور بارزانی ببینم، ئەو كاتەی كە لە ھەولێر بووم، من ئەوكاتە لەگەڵ شاندێك بووم زۆر دڵخۆش بووم بە بۆچوونەكانی، لەبەر ئەوەشە چاوم لەسەركەوتنی كابینەی نوێیە".
بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژ لە دوای رۆژ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان باشتر دەبێت، ئێستاش ژمارەیەک لە راوێژکارانی بەریتانیا لە ھەوڵی رێکخستنەوەی دووبارە ھەیکەلیەتی پێشمەرگەن و دەیانەوێت سوپایەکی یەکگرتووی بەھێزی پێشمەرگە ئامادە بکەن.
ھ.م