ماڵپەڕی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دیزاین و ئامانجی نوێوە کەوتەکار

ماڵپەڕی نوێی حکوومەت بە شێوەیەکی سەردەمیانە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکات

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانج و دیزاینی نوێوە کەوتە کار.

ماڵپەڕەکە خزمەتگواریی دیجیتاڵی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکات و ستراتیژییەکی نوێی دیجیتاڵی، کە بەشێکە لە کارنامەی نوێی حکوومەت هەرێمی کوردستان، بەکار دەهێنێت.

جیا لە نیشاندانی خزمەتگوزاریی و راگەیەندراوە فەرمییەکان، ماڵپەڕەکە دەبێتە ناوەندێک بۆ پێکەوەبەستنی وەزارەتەکان و گەیاندنی دەنگی هاووڵاتیان و جێبەجێکردنی ئیشوکاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی ئەلیکتڕۆنی.

وەک ئەوەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە، حکوومەتی داهاتوو، حکوومەتێکی دیجیتاڵی دەبێت و کاری جیددی بۆ کەمکردنەوەی بە فیڕۆدانی کاتی هاووڵاتیان لە کاتی راییکردنی مامەڵەکانیان دەکات، بۆ ئەمەش، ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەت، رێنیشاندەر دەبێت.

لە کارنامەی حکوومەتی نوێدا لەبارەی حکوومەتی دیجیتاڵی هاتووە: "خزمه‌تگوزاریی دیجیتاڵی نوێ و كه‌مكردنه‌وه‌ی بیرۆكراسی، له‌ ناوه‌ڕاست و چه‌قی كارنامه‌ و ئه‌جێندای ئێمه‌یه‌ بۆ داهاتوو"

هەروەها گۆڕانکاریی لە دۆمەینی ماڵپەڕەکە کراوە، بە جۆرێک چیدیکە دۆمەینەکەی وابه‌ستەی پاشگری رێکخراو (Organization (org ناکرێت، بەڵکوو دۆمەینی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (Government (gov بەکار دەهێنێت.

بۆسەردانکردنی ماڵپەڕی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئەم بەستەرە بکە:

GOV.KRD