سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ڵێنی به‌ھێزتركردنی هه‌رێمی كوردستان و چاکسازیی لە هەموو سێکتەرەکان ده‌دات

مه‌سرور بارزانی: سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەمەچەشن ده‌كه‌ین

K24 - هه‌ولێر:  

سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان، لە دوای سوێندخواردنەکەی بەڵێن دەدات هەرێمى کوردستان بەهێزتر بکات و چاکسازیی لە هەموو سێکتەرەکان ئەنجام بدات. پەرلەمانی کوردستان، لە گەڵ متمانەدان به مەسرور بارزانی، وەک سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، متمانەی به وه‌زیرەکانی کابینەی نۆیەمیش دا.

لەگەڵ سوێندخواردنەکەیدا، مەسرور بارزانی، بەڵێنی دا کە کوردستان بەهێزتر بکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا باشتر بکات و سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش هەمەچەشن بکات.

سەرۆک وەزیران گوتی: "لە دوای ئەیلوولی 2018 هەوڵەکانمان بە ئامانجی پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر بووە، ئەرکی من ئێستا ئەوەیە لەگەڵ هەموو پارتە سیاسی و لایەنە جیاوازەکانی نەتەوەکەمان بە یەکەوە کاربکەین، بۆ ئەوەی بتوانین حکوومەتێکی بەهێز پێک بهێنین، کە خزمەتی خەڵک بکا. بە پێچەوانەوە، ئێمە ناتوانین سەرکەوتووانە حکوومەتێکی بەهێز پێک بهێنین، ئەگەر رێگا بدەین ناکۆکیی بچووک لەیەکمان جیا بکاتەوە".

سەرۆک وەزیران داوای کرد هەماهەنگییەکی گەشەسەندووتر و بنیاتنەرانەتر لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دروست بکرێت.

راشیگەیاند، هەولێر و بەغدا  ئاسایش و خۆشگوزەرانییەکیان دەوێت، کە لەسەر رێز لەیەکترگرتن و پێکەوەکارکردن، بناغەی بەستبێت. ئەمەش بە مسۆگەرکردنی بەشی خۆمان دەبێت لە داهاتی حکوومەتی فیدراڵ لە رێگای چارەسەرکردنی هەموو ئەو ناکۆکییانەی لە سەر داهات هەیە، کە دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

لە بارەی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە پشتبەستنی لە رادەبەدەر بە نەوت و گاز دا، بەڵێنی دا کە پێداچوونەوە بە کەرتی گشتی بکات و  گەشەی پێ بدات.

هەر لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی گوتی: "دەبێت دڵنیایی بدەین کە حکوومەتەکەمان بە شێوەیەکی تەواو روون (شەفاف) و بەرپرسیارانە خزمەتی خەڵکەکەی دەکات. ئەمەش لە رێگای مسۆگەرکردنی داهاتە گشتییەکان بۆ دانەوەی قەرزەکان، پێشکەشکردنی چاکسازیی نوێ، کە رێگا بە گەشەی بازرگانی بدات، ئه‌مه‌ش به‌ راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و گەشەدان و پێشخستنی ژێرخانێکی نوێ دەبێت".

سەرۆک وەزیران داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، پشتگیریی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بکەن و پاڵپشتیی چاکسازییەکانی بکەن، هەروەها یارمەتی پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان بدەن وەک لانەیەک بۆ خەڵکانی ئاوارە و ستەملێکراو.

لەوبارەیەوە سەرۆک وەزیران رایگەیاند: "ئەمڕۆ، نزیکەی یەک ملیۆن و 250 هەزار ئاوارەی عێراقی لە هەرێمی کوردستان دەژین و 275 هەزاری دیکەش لە وڵاتانی دەوروبەر، روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ئێمە هیواخوازین هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان . ئێمەش وەک هەمیشە وەک ناوچەیەکی ئارام  و مەڵبەندی لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن لەو  ناوچە ناسەقامگیرەی جیهان ده‌مێنینه‌وه‌".