توركیا لەبارەی S400 پەیوەندی بە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكاوە دەكات

"کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی S-400 بژاردە نییە بەڵکو پێویستییە"

K24 - ھەولێر

دوای پرۆسەی رادەستكردنی سیستمی بەرگری ئیس400 لەلایەن رووسیاوە بە توركیا، وەزیری بەرگریی تورکیا پەیوەندی بە بریكاری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا كرد و رایگەیاند "کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی S-400 بژاردە نییە بەڵکو پێویستییە".

بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی حكوومەتی توركیا: "وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بریکاری وەزیری بەرگری ئەمەریکا، مارک ئەسپەر ئەنجامداوە. لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاکار و ئەسپەر، تاوتوێی دەستەبەرکردنی سیستمی بەرگریی مووشەکی و ئاسمانیی بۆ تورکیا و پێشھاتەکانی سووریایان کرد".

ئاماژە بەوەكراوە، خوڵوسی ئاکار رایگەیاندووە: "کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 بژاردە نییە بەڵکو پێویستییە. ھەڵسەنگاندن لەبارەی سیستەمی پاتریۆت-یش بەردەوامە".

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسەكە: "ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاکار جەختیکردووتەوە کە تورکیا ھاوبەشی پڕۆژەی F-35ە و پێویستە بەردەوامبێت و راشیگەیاندووە، ھێشتا پێشنیاری تورکیا کراوەیە بۆ پێکھێنانی گرووپێکی کارکردن بە بەشداریی ناتۆ لەبارەی کاریگەریی سیستمەکانی F-35 و S-400 لەسەر یەکتری.

ئەوەشخراوەتەڕوو، كە وەزیری بەرگریی توركیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەڵوێستی تورکیا نەگۆڕاوە و گشت بەرپرسیارەتییەکاتی خۆی لەبارەی فڕۆکەی جەنگی F-35 بەجێگەیاندووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بە کڕینی S-400 گۆڕانکاری لە ھەڵوێستی ستراتیژی رووی نەداوە و زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات، لە بەرژەوەندی تورکیا و ئەمەریکا و ناتۆدا نییە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە دوێنێ وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشكرای كرد، پرۆسەی رادەستکردنی سیستمی مووشەکی ئێس-400 دەستیپێکردووە و ئەنقەرە یەکەم کاروانی پارچەکانی سیستمەکەی وەگرتووە.

ھ.م