فۆرن پۆڵەسی: کارمەندە دوورخراوەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ناگەڕێنەوە بەغدا

پۆمپیۆ کارمەندەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە و بەغدا پشتگوێ دەخات

K24 – هه‌ولێر:

لە ئایاری ئەمساڵدا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بەهۆی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، چەند دیبلۆمتکارێکی ئەمەریکی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کشاندەوە. ئێستا، چەند بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە دەڵێن، واشنتن کارمەندەکانی ناگەڕێنێتەوە و پێداچوونەوەش بۆ ژمارەی کارمەندەکانی دەکات، بەم کارەش، ئەمەریکا پێگەی سیاسی خۆی لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونەکانی ئێران لاواز دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رەتیکردووەتەوە تەواوی دیبلۆماتکارەکانی لە بەغدا بۆ هەمیشە بکشێنێتەوە، بەڵام دەستیان بە پێداچوونەوە بۆ ژمارەی ستاف و کارمەندەکانیان لە عێراق کردووە.

ئەو گۆڤارە ئەمەریکییە لە زاری چەند بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، ئەمەریکا ئەو کارمەندانەی لە بەغدا کشاندوونیەتەوە، جارێکی دیکە بۆ عێراقیان ناگەڕێنێتەوە و بە هێمنیش کار لەسەر کەمکردنەوەی کارمەندەکانیان لە عێراق دەکات.

لە ئێستادا، تەنها 15 بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە عێراق ماون و کارەکانیان جێبەجێدەکەن، لەسەر ئەمەش، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: "وا دیارە وەزارەتی دەرەوەی دەیەوێت عێراق پشتگوێ بخات".

چەند مانگێک لەمەوبەر، "بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان"، ئەمەریکا 275 کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی لە عێراق کشاندەوە و تەنها ئەوانەی هێشتەوە کە ئەرکەکانیان تایبەتە بە "کاری بەپەلە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کە لە ساڵی 2009 کرایەوە، بڕی 700 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی تێچوو و لەسەر رووبەڕووی 100 دۆنم زەوی دروستکرا، نزیکەی هەزار کارمەندیشی هەبوو.

ئەو کارمەندانەی ئەمەریکا کە لە عێراق کشانەوە، ئێستا لە هۆتێلەکانی واشنتن دەمێننەوە و نازانن داهاتوویان چی بەسەر دێت، ئەگەر واشنتن بڕیاری کشانەوەی لە عێراقیش بدات، دەبێت بە رەزامەندی کۆنگرێس بێت.

گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران تادێت زیاتر دەبێت، لە دواین هەنگاویدا، تاران بڕیاریدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد بکات. واشنتن و ئەوروپاش هۆشدارییان لەو بارەیەوە داوەتە تاران. ئەوەی لای زۆرێک لە شارەزایان روونە ئەوەیە، لە ئەگەری هەر رووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان واشنتن و تاران، عێراق دەبێتە بەشێک لە ناوەندی رووبەڕووبوونەوەکان، بەوەی پێشتر تاران هەڕەشەی لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هاوپەیمانەکانی کردووە.

Foreign Policy

H.J