به‌ هۆی تۆپباران و بۆردومان زیاتر لە 130 گوندی دەڤەری برادۆست چۆڵ كراون

زیانی زۆر به‌ به‌رهه‌می جووتیاران گه‌یشتووه‌

K24 - سۆران

گوندنشین و جووتیارانی ده‌ڤه‌ری برادۆست له‌ ‌سێگۆشه‌ی سنووریی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران، به‌رده‌وام له‌ ناو مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوكێی هێرشی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان و تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێ دان، كه‌ جیا له‌ زیانه‌ گیانییه‌كان، زیانێكی زۆری ماددیش به‌ر ره‌ز و باخ و دارستان و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ كەوتووە‌.

فه‌رمان، یەكێكە لە جوتیارانی دەڤەری برادۆست، لەگەڵ خانەوادەكەی لە ترسی بۆردومان و تۆپباران، ناوچەكەیان جێ ھشتووە، بەڵام به‌ ناچاری گه‌ڕاونه‌‌ته‌وه‌ نێو زه‌وییه‌ داچێندراوه‌كه‌یان، چونكه‌ جگه‌ له‌ كشتوكاڵ، سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی داهاتی نییه‌. ئەو دەڵێ: "كاتێك ئێران ناوچەكەی تۆپباران كرد، ئێمە ھەڵاتین و ناوچەكەمان جێ ھێشت، دوای تۆپباران گەڕاینەوە سەر رەز و باخەكانمان، چونكە زۆر پێیەوە ماندوو بووین و ناتوانین دەستبەرداریان بین".

ساڵی رابردوو به‌ هۆی شەڕی نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیا، ھەزار و 342 دۆنم دارستان و ره‌ز و باخی جووتیارانی دەڤەری برادۆست سووتا، ئه‌مساڵیش تۆپبارانی ئێران بووه‌ هۆی سووتانی 620 دۆنم له ‌ره‌ز و باخی جووتیارانی ناوچەكە.

لەبارەی قەرەبووكردنەوەی جووتیار و گوندنشینان، كرمانج عزەت، قایمقامی سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "بە ھۆی كێشە سیاسییەكانی ناوچەكە، زیانی زۆر بەر ھەرێمی كوردستان، بە تایبەتی خەڵكی ناوچە سنوورییەكان كەوتووە، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی باڵا داوا لەو وڵاتانە بكرێت كە زیان بە ھەرێمی كوردستان دەگەیەنن، قەرەبووی خەڵكی زیان لێكەوتوو بكەنەوە".

له‌ كۆی 263 گوندی شاره‌دێی سیده‌كانی سەر بە قەزای سۆران، به‌ هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌ جەنگییەكانی توركیا بۆ سه‌ر پێگه ‌و بنكه‌كانی په‌كه‌كه‌، 115 گوند چۆڵ كراون، دوای تۆپبارانی ناوچه‌كه‌ش له‌لایه‌ن ئێران، پێنج گوند چۆڵ كراون و 20 گوندی دیكه‌ش مه‌ترسیی چۆڵبوونیان له‌سه‌ره‌. بە به‌راورد به ‌ساڵی رابردووش، هاتنی ره‌وەند و ئاژه‌ڵداره‌كان بۆ كوێستانه‌كانی سنووره‌كه‌ بە رێژەی 30% كه‌می كردووه‌ و به‌ هه‌زاران دار به‌ڕوو و مازووش سووتاون.

ھ.م