ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی: دەبێ 7 گرووپی ناو یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرە رازی بن

"وەك ئەنجوومەنی ناوەند دەسەڵاتمان ھەیە بڕیاری كۆنگرەی نایاسایی بدەین"

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەبارەی بڕیاری بەستنی كۆنگرەی حزبەكەی رایدەگەیەنێت، وەك ئەنجوومەنی ناوەند دەسەڵاتی ئەوەیان ھەیە بڕیاری كۆنگرەی نائاسایی بدەن، بەڵام بۆ كۆنگرەی ئاسایی دەبێ 7 گرووپی ناو یەكێتی رازی بن و پێكەوە بڕیاربدەن.

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "وەك ئەنجوومەنی ناوەند ئەوەی پێمان بكرێ دەیكەین، بۆ ئەوەی یەكێتی بگەیەنین بە كۆنگرە، بەڵام بە تەنھا بە ئێمە بڕیار نادرێت".

گوتیشی: "ئێمە وەك ئەنجوومەنی ناوەند دەسەڵاتی كۆنگرەی ئاساییمان نییە، بەڵكو دەتوانین بڕیار لە بەستنی كۆنگرەی نائاسایی بدەین، بۆ بەستنی كۆنگرەی ئاسایی دەبێ 7 گرووپی ناو یەكێتی بڕیاربدەن، بە دوو گرووپ و سێ گرووپ ناتوانین كۆنگرە ئەنجامبدەین".

ھەر لەبارەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی، دوێنێ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژانامەوانیدا پڕۆژەیەكی راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد: "وەك سەركردایەتی یەكێتی پێنج ساڵ و نیوە بە زیادەوە رابەرایەتی یەكێتی دەكەین".

ئەم گوتانە لەكاتێكدایە ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی داوای بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیان دەكەن. پێشتریش مەلا بەختیار لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندبوو، كە تا بڕیاری بەستنی كۆنگرە نەدرێت ئامادە نییە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبەكەی بكات.