هیچ یانەیەکی ئەوروپی بەیلی ناوێت کەچی ریال مەدرید دەیەوێت بە نێیماری بگۆڕێتەوە

بەیل لەم هەفتەیە پەیوەندی بە یانەیەکی چینی دەکات و دەبێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە جیهان

گاریس بەیل نزیکە بە مووچەی هەفتانەی ملیۆنێک پاوەند پەیوەندی بە یانەیەکی چینییەوە بکات و ببێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لەسەر ئاستی یاریزانانی جیهان، رۆژنامەکانی مەدرید لە ژمارەی ئەمڕۆیان ئاشکرایانکردووە هیچ یانەیەکی ئەوروپی بەیلی ناوێت و لەوانەیە ریال مەدرید لەپێناوی بەڕێکردنی بەیل ئامادە بێت ئەو یاریزانە بەخۆڕایی بفرۆشێتە یانە چینییەکان.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاشکرایکردووە، بەیل دەچێتە خولی چینی و پەیوەندی بە یانەی پەکین جوان دەکات، لەکاتێکدا ئەو یاریزانە وێلزییە بەهیچ شێوەیەک حەز ناکات پەیوەندی بە خولی چینییەوە بکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی کڕیارێکی باش لە ئەوروپا، بەیل ناچارە بە قسەی بەڕێوەبەری کارەکانی بکات و بچێتە چین، چونکە بەگوێرەی رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بەیل لە یانە چینییەکە مووچەی هەفتانەی ملیۆنێک پاوەند دەبێت.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیش لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاشکرایکردووە، ریال مەدریدی بەیلی پێشکەشی بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان و مانچێستەر یونایتد و ئینتەر میلان و تۆتێنهامیش کردووە، بەڵام هیچ یەکێک لەم یانانە بەیلیان نەویستووە و گرنگیان بە گواستنەوەی یاریزانە وێلزییەکە نەداوە، بۆیە پێدەچێت بە ناچاری چین ببێتە وێستگەی داهاتووی ئەو یاریزانەی شەش ساڵ لەمەوبەر بە نزیکەی 100ملیۆن یۆرۆ لە تۆتێنهامەوە چووە ریال مەدرید.
رۆژنامەکانی مەدرید ئاشکرایانکردووە، لەوانەیە بەیل بێبەرامبەر ریال مەدرید بەجێبهێڵێت یانیش لۆس بلانکۆس بە نرخێکی یەکجار هەرزان بەیل بفرۆشێت، چونکە سەرەڕای داواکارییەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ هێشتنەویە بەیل، بەڵام زیدان لەسەر بەڕێکردنی زیدان سوورە، بۆیە بەرپرسانی یانەک ناچارن بەیل هەرزانفرۆش بکەن.
رۆژنامەکانی مەدرید بە پشتبەستن بە رای ئابووریناسەکان، پێیانوایە ئەگەر ریال مەدرید بەخۆڕاییش بەیل بفرۆشێت، گرێبەستەکەی بەیل بە زەرەر لەسەر ریال مەدرید ناکەوێت، چونکە لەوەتەی 2013وە مەدریدییەکان قازانج لە بەیل و ناوەکەی دەکەن.
بەیلی 30 ساڵان بەهر جۆرێک بێت دەیەوێت لە کۆتاییەکانی کاروانی ژیانی وەرزشی ببێتە خاوەنی مووچەیەکی بەرز و چینیش باشترین شوێنە بۆ ئەم کارە، بەڵام ریال مەدریدیش تاکو پێی بکرێت دەیەوێت لە بەرامبەر فرۆشتنی بەیل نزیکەی 60 بۆ 80 ملیۆن یۆرۆ بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بەو پارەیە ناوەڕاستکارێک بکڕێت.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنیش لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی سەرچاوەی هەواڵەکانیان، ریال مەدرید دەیەوێت زۆر بە نهێنی لەگەڵ پاریس سانجێرمان گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینەوەی گاریس بەیل بە نێیمار داسێلڤا بکات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید ئۆفەرێکی نهێنی پێشکەشی بەرپرسانی پاریس سانجێرمان کردووە، ئامادەیی دەربڕیوە 90 ملیۆن یۆرۆ بەیل بدەن بە یانە فڕەنسییەکە لە بەرامبەر دەستبەرداربوونیان لە نێیمار.