په‌رله‌مان میدیای ئه‌لیكترۆنی له‌ كوردستان به‌ یاسا رێكده‌خات

له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌وڵێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌یه‌

K24- هه‌ولێر:

پەرلەمانی کوردستان لە ھەوڵی ئامادەکردنی پڕۆژە یاساییەکە بۆ ڕێكخستنی میدیای ئەلیکترۆنی، له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كه‌شدا رێكاره‌كانی به‌كارهێنانی میدیای ئه‌لیكترۆنی و سزای خراپ به‌كارهێنانیشی دیاری ده‌كرێت.

سیروان كه‌ ھاووڵاتییەکی شاری ھەولێرە، پێی واییە میدیایی ئەلیکترۆنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بەرەو سەرلێشێواوی دەبات و ڕاستی ڕوداوەکان تا ڕادەیەك دەشێوێنێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، ھەندێ لە میدیا ئەلیکترۆنییەكان، وەك ماڵپەڕ و پەیجەکان کێشەن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و بەرپرسیارانە مامەڵە ناكەن.

لای خۆشییه‌وه‌ سەندیکای ڕۆژنامەنووسان گەشبین نییه‌ بە ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی لەم شێوەییە، چونكه‌ وه‌ك ئازاد حه‌مه‌ ئه‌مین، نه‌قیبی سه‌ندیكا ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، میدیای ئەلیکترۆنی زۆر لەوە فراوانترە کە بتوانرێت بە یاسایه‌ك لە پەرلەمانی کوردستان ڕێكبخرێت و، بەگوێره‌ی یاسای ڕۆژنامەگەریش لە ھەرێمی کوردستان، کارکردن لەسەر ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانەوە ھەیە.

له‌ ساڵی 2018 به‌ بڕیارێکی ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی کوردستان، سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ڕاسپێردرا، بۆ کارکردن لە سەر میدیای ئەلیکترۆنی، ئێستاش سەندیکا سەرقاڵی کۆکردنەوەی داتا و زانیارییه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی ئەو میدیایانەی کە بە ئەلیکترۆنی کار دەکەن بە پەیج و ئەکاونتەکانیانەوە.

H.B