"رێبه‌ری ئێران به فه‌توایه‌ك چه‌كی ئه‌تۆمی قه‌ده‌غه كردووه"
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی: ده‌توانین وزه‌ی ناوكیی به‌رهه‌مبهێنین
K24 - هه‌ولێر:
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی، سه‌رۆكی رێكخراوی وزه‌ی ناوكیی ئێران رایگه‌یاند: "تاران ده‌توانێت وزه‌ی ناوكیی به‌رهه‌مبێنێ، هه‌وڵیش نادات ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆمی بگات، چونكه هۆكاری شه‌رعیمان هه‌یه و رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌وباره‌یه‌وه فه‌توای داوه".
له میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ كوتله‌ی سه‌ربه‌خۆكانی ناو ئه‌نجوومه‌نی شورای ئیسلامی (په‌رله‌مان) گوتوویه‌تی: "ئێران له‌وكاته‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆی واژۆكردووه، 24 تۆن یۆرانیۆمی پیتاندووه، كاركردن له وێستگه‌ی ئاراك بۆ ئاوی قورسیش به‌رده‌وامه".
ساڵحی پێشتریش گوتبووی: "ئێران له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا له بوشه‌هر ده‌ست به بونیادنانی وێستگه‌یه‌كی ناوه‌ندیی ئه‌تۆمی ده‌كات و له‌ماوه‌ی 6 ساڵدا پرۆژكه ته‌واو ده‌بێت".