ریال مەدرید بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە فرۆشتنی بەیل پەشیمان بووەتەوە
ئەگەر بەمشێوەیە بێت بەیل لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە
بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ریال مەدرید لە فرۆشتنی گاریس بەیل پەشیمان بووەتەوە و لەوانەیە هەر لە ریال مەدرید بمێنێتەوە.
میدیایەکانی بەریتانیا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید پرۆسەی فرۆشتنی گاریس بەیلی بۆ یانەی جیانگسو سۆنینگی چینی وەستاندووە، کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یاریزانە وێلزییەکە بەرەو چین بەڕێکەوت بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانە چینییە واژوو بکات.
میدیایەکانی بەریتانیا رایانگەیاندووە، بەگوێرەی زانیارییەکانیان فلۆرێنتینۆ پێرێز لە فرۆشتنی بەیلی 30 ساڵان پەشیمان بووەتەوە و ئەگەر بەمشێوەیە بێت ئەو یاریزانە وێلزییە هەر لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە، چونکە تەنیا سێ رۆژ ماوەی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە چین دابخرێت و رۆژی چوارشەممە دوایین وادەیە بۆ کڕینی یاریزان لەلایەن یانە چینییەکان.
ئەم بڕیارەی ریال مەدرید لەکاتێکدایە، زیدان لەسەر بەڕێکردنی بەیل سوورە و پێشتر بە ئاشکرا رایگەیاند بۆ ریال مەدرید و بەیل واباشترە یاریزانە وێلزییەکە یانەکە بەجێبهێڵێت.