وادەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق دیار كرا
عادل عەبدولمەهدی: کۆتایی ساڵی 2020 سەرژمێریی گشتی دەکرێت
K24 - ھەولێر
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆتایی ساڵی 2020 سەرژمێریی گشتی لە عێراق دەکرێت و بۆ یەکەمجاریش پرۆسەکە بە شێوەی ئەلیکتڕۆنی دەبێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە گوتارێکیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی دانیشتوان رایگەیاند، ماوەی 30 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عێراق نەکراوە و ئەنجامدانی پرۆسەکەش بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئاسانتر و وردتر و خێراتر دەبێت.
عادل عەبدولمەهدی، گوتیشی: "چاوەکانمان لەسەر ئامادەکارییە گرنگەکانی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتییه، کە بڕیارە کۆتایی ساڵی 2020 بکرێت، ئەمە ئامانجی سەرەکیمانە و وەک دەشزاندرێ، ماوەی 30 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عێراق نەکراوە، هەوڵ دەدەین هەموو قۆناخەکانی سەرژمێرییەکە بە شێوەی ئەلیکتڕۆنی بێت، ئەمەش یەکەم جارە لە عێراق بەکار دێت. لەو باوەڕەش داین کە سەرژمێریی گشتی بە شێوەی ئەلیکتڕۆنی ئاسانتر و وردتر و خێراتر دەبێت بۆ کۆتاییهێنان به پرۆسهكه و كۆكردنهوهی داتا و زانیارییهكان".
ھ.م