خانمێکی کەمانژەن مشتومڕێکی گەورەی لە عێراق دروستکردووە

مالیکی و وەقفی شیعی داوای لێپێچینەوە لە حکومەت دەکەن

بەهۆی بەشداریکردنی خانمێکی کەمانژەن لە مەراسیمی کردنەوەی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیە لە کەربەلا، رەخنەیەکی زۆر لە وەزارەتی وەرزش و لاوان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەگیرێت و نوری مالیکی پێیوایە پیرۆزییەکانی کەربەلا بەهۆی ئەم مەراسیمەوە ئەتککراوە و داوا دەکات حکومەت لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپەرشتیارانی پاڵەوانێتییەکە بکات.

ئەم کەمانژەنە شۆخ و شەنگە خەریکە کێشەیەکی گەورە لە عێراق دروست دەکات و بەشداریکردنی ئەم خانمە لە مەراسیمی کردنەوەی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا مشتومڕێکی گەورەی لە عێراق دروستکردووە، تەنانەت حکومەت و حیزبەکانیش بەدەنگ هاتوون.
لە شاری کەربەلا لە دەستپێکی مەراسیمی کردنەوەی پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا کە یارییەکانی لە کەربەلا و هەولێڕ بەڕێوە دەچن، خانمێکی کەمانژەن سروودی نیشتیمانی عێراقی ژەنی و بۆ ماوەی خولەکێک بە نێو یاریگاکە پیاسەی دەکرد و بە کەمانەکەی سەر شانیشی سروودی نیشتیمانی عێراقی دەژەنی، ئەم دیمەنە بووەتە هۆی ئەوەی داوای لێپێچینەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بکرێت و بەرپرسە باڵا حیزبییەکانی عێراق هاتوونەتە دەنگ.
نوری مالیکی، ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوە بەیاننامەیەکی توندی لەبارەی خانمە کەمانژەنەکە بڵاوکردووەتەوە و ئەم رووداوەی بە ئەتککردنی پیرۆزییەکانی کەربەلا لەقەڵەم داوە و داوای لە حکومەتی عێراق کردووە لێپیچینەوە لەگەڵ سەرپەرشتیارانی مەراسیمەکە بکات.
وەقفی شیعیش بە توندی سەرکۆنەی ئەو بەشەی مەراسیمەکەی کردووە، دیوانی وەقفی شیعی رایگەیاندووە داوای یاسایی لەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تۆمار دەکەن، چونکە پێیانوایە کارێکی وەها لە شاری کەربالەی پیرۆز جێگای قبووڵکردن نییە.
حکومەتی ناوخۆیی کەربەلا رەتیکردووەتەوە بەرپرسیارەتی ئەو مەراسیمە لە ئەستۆ بگرێت و لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە ئێمە تێبینیمان لەسەر وردەکاریی مەراسیمەکە هەبووە و پێشتریش وەزارەتی وەرزش و لاوان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقمان بە نووسراوێکی فەرمی ئاگادار کردووەتەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کە زۆرترین پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستە دەکرێت، رەتیدەکاتەوە هیچ هەڵەیەکیان ئەنجام دابێت و پێیانوایە ئەوان لە رێگای ئەم مەراسیمە ویستویانە بە هەموو جیهانی رابگەیەنن دەتوانن میوانداریی پاڵەوانێتییەکان بکەن، کە نزیکەی 30 هەزار هاندەر ئامادەی مەراسیمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بوون و نزیکەی 30 خولەکی خایاند.