رێبوار تاڵهبانی: ھێشتا کات ماوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠
كورد دهستبهرداری ماددهی 140 نابێت
K24- ههولێر:
لەگەڵ ئەوەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ئەرکی حکوومەتی عێراقە، بەڵام ماوەی 14 ساڵه هیچ ههنگاوێكی لهو بارهیهوه نهناوه. سهرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش داوا له حكوومهتی ھەرێمی کوردستان دهكات، بە جدی کار بۆ جێبەجێکردنی ئهو مادهیه بکات.
لهكاتێكیشدا کابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لێژنەیەکی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا بۆ جێبەجێکردنی مادەکە پێكھێناوە، ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك جهخت دهكاتهوه، ھێشتا کات ماوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، بۆییە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان لێژنەیەکی ھاوبەشیان ھەبێت و بەردەوام لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆدابن، تا ئەو کاتەی ناچاریان دەکەن، بە کرداری دهست به جێبەجێکردنی مادەکە بكهن.
ئهمه لهكاتێكدایه، دادگای فیدرالی عێراق دەیەوێت کۆتایی بەو مشومڕە بێنێ کە لە سەر مادەی ١٤٠ دروست بووە و ڕایگەیاندووە ئەو مادەیە بەسەر نەچووە، عهبدولناسر ئهحمهد، ئەندامی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش لە پەرلەمانی کوردستان جهخت دهكاتهوه، پێویستە حکوومەتی ھەرێم بەجدی کار بە ڕێكکارەکانی جێبەجێیکردنی مادەکە بکات.
مادەی ١٤٠ یەکێک لە گرنگترین مادە دەستوورییەکانی عێراقە، کە دوای ساڵی ٢٠٠٥ لە دەستووری عێراق چەسپێنرا، زیاتر تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان كه پێویسته لەڕێگەی سەرژمیری، ڕاپرسی و ھەڵبژاردنەوە چارەنووسی ئەو ناوچانە کە بە ناوچە (کێشە لەسەرەکان ناسراوە) یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام لەماوەی 14 سالی رابردوودا بە کردەوە کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە نەکراوە.
H.B