"سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات"

"له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ سه‌رۆك ماكرۆن راده‌گه‌یه‌نم كه‌ گه‌لی كورد چاوه‌ڕێیه‌كی گه‌وره‌ی له‌ فه‌ره‌نسا هه‌یه‌"

K24- هه‌ولێر:

كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كوردستان 24 ئاشكرایكرد، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی به‌ر له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

دۆمه‌نیك ماس، كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ر له‌ كۆتاییهاتنی ماوه‌كه‌ی وه‌ك كونسوڵی وڵاته‌كه‌ی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كوردستان24، كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مشه‌و كاتژمێر 9:30ی شه‌و به‌ كاتی هه‌ولێر په‌خش بكرێت، رایگه‌یاند،‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانی كوردستان ده‌كات.

ماس گوتیشی:‌ له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن كۆده‌بێته‌وه و‌ پێیڕاده‌گه‌یه‌نێت، گه‌لی كورد چاوه‌ڕێیه‌كی گه‌وره‌ی له‌ فه‌ڕه‌نسا هه‌یه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ كوردستان 24، كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا، له‌باره‌ی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌و گه‌شبینه‌ به‌ كابینه‌ی نوێ، كه‌ ویستێكی جدی هه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌ سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ چاره‌نووسی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان.

H.B