داوا لە ترەمپ دەكرێت توركیا سزا بدات
"گەمارۆ بەسەر توركیادا بسەپێنێت"

K24 - ھەولێر
كۆنگرێسی ئەمەریكا داوا لە ترەمپ دەكات، بەھۆی كڕینی ئێس 400ـی رووسی، گەمارۆ بەسەر توركیادا بسەپێنێت.
لیژنەی كاروباری دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، پەیامێك ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دەكات و داوا دەكات توركیا سزا بدات، بەھۆی پابەند نەبوونی بە سیستمی ناتۆ و كڕینی سیستمی بەرگری ئێس 400ـی رووسی.
لیژنەی كاروباری دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاماژە بەوە دەكات "وەك ئەوەی لە یاساكانی ئەمەریكادا ھاتووە، بەھۆی كڕینی ئێس 400، پێویستە سەرۆك ترەمپ سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت".
جەختیش دەكاتەوە "باشترین بژاردە بۆ توركیا، پەیوەندیی و ھاوكارییەتی لەگەڵ ئەمەریكا، نەك لەگەڵ رووسیا".
وێڕای ھەڕەشەكانی ئەمەریكا، توركیا سیستمی بەرگری ئێس 400ـی رووسی كڕی و یەكەم كاروانی پارچەكانی بەدەست گەیشتووە، بەڵام ئەمەریكا تائێستا كاردانەوەی كردەیی نەبووە و ھەڕەشەكانی نەكردوونەتە كردار.
ھ.م