حکوومەتی هەرێم لە کێشەی ئاوی چۆمان دەکۆڵێتەوە
پڕۆژەیەكی دیكەی ئاو لە چۆمان جێبەجێ دەكرێت
K24 - چۆمان
ئەمڕۆ لیژنەیەكی ئەندازەیی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی چۆمان سەردانی دەڤەری باڵەكایەتیان كردووە.
ئەحمەد قادر، قایمقامی چۆمان بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە ھەفتەی رابردوو لیژنەیەكی حكوومەت بۆ چارەسەری كێشەكان ھاتنە چۆمان كە یەكێك لە كێشەكان ئاوی چۆمانە، ئەمڕۆش لیژنەیەكی ئەندازەیی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی سەرچاوەی ئاوی چۆمان ھاتوونەتە ناوچەكە".
گوتیشی: "پڕۆژەیەكی دیكەی ستراتیژی ئاو لە چۆمان بە گوژمەی نزیكەی 2 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، بەڵام تا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكرێت، كێشەی سەرچاوەی ئاوی ئێستای چۆمان چارەسەر دەكرێت".
قایمقامی چۆمان ئاماژەی بەوەشدا: "جگە لە كێشەی ئاو چەندین كێشەی دیكەی قەزای چۆمان خراونەتە بەردەم شاندی حكوومەت كە پێشتر سەردانی چۆمانیان كردبوو".
لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەفتەی رابردوو لیژنەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێكۆڵینەوە لە كێشەكانی قەزای چۆمان سەردانی دەڤەری باڵەكایەتیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەی كۆی گرفتەكانی سنوورەكە كردووە و سەرنج و پێشیناز لەبارەی كێشەكان خراونەتەڕوو بەو ئامانجەی لە داھاتوودا كار بۆ چارەسەركردنیان بكرێت".
ھ.م