هێڵێكی دیكه‌ی نه‌وتیی له نێوان كه‌ركووك و به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راده‌كێشرێت
عێراق و توركیا پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژیان هه‌یه و جێبه‌جێی ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری نه‌وتی حكوومه‌تی عێراق، ثامر غه‌زبان، رایگه‌یاند، له بواری وزه‌دا عێراق و توركیا پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژیان هه‌یه و جێبه‌جێی ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری وزه‌ی توركیا، فاتح دونماز، ثامر غه‌زبان گوتی: عێراق و توركیا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێڵێكی نوێی نه‌وتگوێزه‌ره‌وه له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی عێراقه‌وه به‌ره‌و توركیا رابكێشن.
گوتیشی: ئه‌و هێڵه نوێیه نه‌وتی كه‌ركووك ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كات.
روونیشیكرده‌وه، هێڵه‌كه هاوته‌ریب ده‌بێت له‌گه‌ڵ هێڵی نه‌وتگوێزه‌ره‌وه‌ی كه‌ركووك – جه‌یهانی توركیا.
وه‌زیری وزه‌ی توركیا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه گه‌یشته به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی پرسه‌كانی تایبه‌ت به وزه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات تاوتوێ بكه‌ن.