سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێکی کەسایەتی و پیاوماقووڵانی پارێزگای بەسرە کرد

جێی سەرسوڕمانە پارێزگایەکی وەک بەسرە کە شادەماری ئابووریی عێراقە کێشەی خزمەتگوزاری هەبێت

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعوود بارزانی، ئه‌مڕۆ له‌ سه‌لاحه‌دین پێشوازی لە شاندێکی گەورەی دانیشتوانی پارێزگای بەسرە کرد کە لە سەرۆک هۆز و پیاوانی ئایینی و کەسایەتی ئەکادیمی و پیاوماقووڵانی ئەو پارێزگایە پێکهاتبوو.

لە دیدارەكەدا كە مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ئامادەی بوون، شاندی میوان وێڕای دەربڕینی سوپاس و خۆشحاڵییان بە دیدارەکە، سڵاو و رێزی خەڵکی پارێزگای بەسرەیان بە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان گەیاند و جەختیان لە سۆز و خۆشەویستیی خەڵکی ئەو پارێزگایە بۆ سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان کردەوە.

شاندی میوان هەروەها ئاماژەیان بە پەیوەندیی برایانە و لەمێژینەی خەڵکی بەسرە لەگەڵ گەلی کوردستان کردەوە و رایانگەیاند، کە هەر ئەو سۆزەی بووە هۆی ئەوەی دەیان هەزار کەسی خەڵکی بەسرە لەکاتی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە یەکێتیی سۆڤییەوەتەوە بۆ پێشوازییکردنیان لەچاوەڕوانیدا بوەستن، ئێستایش هەمان سۆز و خۆشەویستی بۆ سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان هەیە و دەیانەوێت ئەو برایەتییە لەمێژینەیە زیاتر پەرەی پێ بدرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا شاندی میوان بانگهێشتی سەرۆک بارزانییان کرد کە لە دەرفەتێکی گونجاودا سەردانی ئەو پارێزگایە بکات.

هەر لە دانیشتنەکەدا، شاندی میوان باسیان لە گرفت و کێشەکانی تایبەت بە نەبوونی خزمەتگوزاری لە پارێزگای بەسرە کرد و هیوایان خواست ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بگاتە ناوچەکانی دیکەی عێراق و بۆ ئەو مەبەستەیش داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد لە رێگەی وەزیر و نوێنەرانی کورد لە بەغداوە هەوڵ بدەن پڕۆژەی ئاوه‌دانی و نیشتەجێکردن لە پارێزگای بەسرە جێبەجێ بکرێن و کێشەکانی ئەو پارێزگایە چارەسەر بکرێت.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی برایانەی گەلی کوردستان و خەڵکی بەسرە و سەرجەم خەڵکی عێراق کردەوە و رایگەیاند، کە ئەگەرچی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زۆر هەوڵیان دا کێشەی نێوان شۆڕشی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق بکەنە کێشەی کورد و عەرەب بەڵام شۆڕش رێگەی بەوە نەداوە.

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە کێشە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای بەسرە نیگەرانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، کە ئێمەش رێز و سۆزێکی زۆرمان بۆ خوشک و برایانمان لە بەسرە هەیە و جێی سەرسوڕمانە پارێزگایەکی وەک بەسرە کە شادەماری ئابووریی عێراقە کێشەی خزمەتگوزاری هەبێت و هەرچییەکیش لە دەستمان بێت بۆ پشتیوانیی داوا رەواکانی خەڵکی بەسرە درێغی ناکەین.

هەر لە دیدارەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە ئێستا کەشێکی ئیجابی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن وچارەسەری کێشەکان لەئارادایە و جەختی لە دیالۆگ و رێگەی ئاشتیانە کردەوە.