هه‌ولێر و به‌غدا بۆ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن

لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ پرسی بودجه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

پێشنیاز کراوە ماوەی یاسایی  بودجەی عێراق  لە ساڵێکەوە بگۆردرێت بۆ سێ ساڵ  و مانگی  10ی ئەمساڵ بە مەبەستی پەسەندکردنی دەنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەندامێکی لێژنەی دارایی عێراق دەڵێت: "بودجەی ئەمساڵی عێراق زۆر خراپە و کورتهێنانی زۆرە".  ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش داواکاری کورد لە بوجە ئاشکرا دەکات.

حکوومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە بودجەی 2020 و پێشنیاز کراوە ئەو یاسایه‌ بۆ ماوەی 3 ساڵ پەسەند بکرێت تا ئەم خولەی پەرلەمان کۆتای دێت کاری پێ بکرێت.

پێشبینی خراپترین بودجە بۆ ئەمساڵ دەکرێت کە بە 70  ترلیۆن  دینار دەخەمڵێنرێت.

لە مانگی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیران دەینێرێتە پەرلەمان مانگی 10ش پەرلەمانی عێراق دەبێت پەسەندی بکات.

ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراق ئاشکرای دەکات بەشی هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، دەبێت لە ماوەیەکی نزيکدا هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمانی عێراق پێکهێناوە، لەم نزیکانە دەچێتە بەغدا لێکتێگەشتنی هەردوولا بۆ ئامادەکردنی پرۆژە بودجەی عێراق هه‌یه‌، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان داواکاريی کورد لە بودجەی 2020 ئاشکرا دەکات و دەڵێت لەم نزیکانە گفتوگۆکان دەست پێدەکەن.

لە پرۆژە یاسای بودجەی 2020 عێراق زیاتر لە 45 ترلیۆن بۆ مووچەی  فەرمانبەران دیاریکراوە و بەشەکەی دیکەش بۆ سێکتەرەکانی دیکەیە،  بەپێى لێدوانی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بێت، بودجەی ساڵی داهاتوو، زۆر کورت دەهێنێت، هەولێر و بەغداش لەم نزیکانە گفتوگۆکانیان بۆ پرۆژە ياساى بودجە دەست پێدەکەن.

ئ. م