تره‌مپ: بۆشایی ئاسمان ده‌كه‌ینه شوێنی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كان
كرده‌وه سه‌ربازییه‌كان ده‌گوازنه‌وه بۆ بۆشایی ئاسمان
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، رایگه‌یاند، له‌مه‌ودوا كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین له بۆشایی ئاسماندا كرده‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام بده‌ین.
دوێنێ پێنجشه‌ممه له میانی ئاهه‌نگی ده‌ستپێكی ناوه‌ندی فه‌رمانده‌یی بۆشاییگه‌ری ئاسمانی ئه‌مه‌ریكا تره‌مپ نه‌یشارده‌وه، كرده‌وه سه‌ربازییه‌كان ده‌گوازنه‌وه بۆ بۆشایی ئاسمان.
تره‌مپ گوتیشی: ئه‌مه‌ریكا هێزێكی نوێی تایبه‌ت به بۆشاییگه‌ری ئاسمانی له داهاتووییه‌كی نزیكدا داده‌مه‌زرێنێت.
له مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری رابردوودا، تره‌مپ فه‌رمانی درووستكردنی ئه‌و هێزه‌ی ده‌ركردووه، به‌ڵام تا ئێستا پرۆسه‌ی پێكهێنانی ته‌واو نه‌بووه.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دا، رووسیا نیگه‌رانی ده‌ربڕیوه و راشیگه‌یاندووه، پێویسته رێگه له به سه‌ربازیكردنی بۆشایی ئاسمان نه‌درێت.
هاوكات مۆسكۆ ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری هه‌ر هه‌وڵێك ببێته‌وه، كه له رێی به سه‌ربازیكردنی بۆشایی ئاسمانه‌وه مه‌ترسی بۆ سه‌ر رووسیا درووست بكات.