سەرۆك بارزانی و شاندی ھەدەپە و كەجەدە دۆخی ناوچەكە تاووتوێ دەكەن

شاندەکەی هەدەپە سەردانی لایەنەکان دەکات

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ شەممە 07/09/2019 سەرۆك بارزانی و شاندی ھەدەپە و كەجەدە بە سەرۆكایەتیی سەزایی تەمەللی، ھاوسەرۆكی ھەدەپە كۆ بوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی ھەدەپە و ھەرێمی كوردستان و بارودۆخی ھەدەپە لە توركیا تاووتوێ كران.

پێش كۆبوونەوەكە سەزایی تەمەللی، ھاوسەرۆكی ھەدەپە رایگەیاند، مەبەست لە سەردانیكردنیان بۆ لای سەرۆك بارزانی، وەرگرتنی بۆچوونی بەڕێزیانە لەسەر پرسە گەرمەكانی ناوچەكە، بەو پێیەی سەرۆك بارزانی بۆ كورد و گەلان سەركردەیەكی گرنگە.

تەمەللی گوتیشی: "بەڕێز مەسعود بارزانی سەرکردەیەکی گرنگ و پێشەنگە. ئەو نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ سیاسەتی ناوچەکە گرنگە".

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان دەیانەوێت ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت و هەوڵی چەسپاندنی دیموکراسی دەدەن. بۆ ئەمەش چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوێکی گرنگ دەبێت.

ئەمڕۆ شاندێكی ھاوبەشی ھەدەپە كەجەدە بە سەرۆكایەتیی سەزای تەمه‌للی، ھاوسەرۆكی ھەدەپە و بەردان ئۆزتورك، ھاوسەرۆكی كەجەدە گەیشتە ھەولێر و بڕیارە لە ماوەی چوار رۆژدا چەندین دیدار و چاوپێكەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدەن.

H.J