نێچیرڤان بارزانى ستایشى ڕۆڵى فەڕەنسا دەکات
بۆ چارهسهركردنی كێشهكانی رۆژئاوای كوردستان نێچیرڤان بارزانی دهنگی خۆی دهخاته پاڵ دهنگی فهرهنسا
K24- ههولێر:
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ستایشى ڕۆڵى سەرۆك ماکرۆن و فەڕەنساى لە پشتگیریكردنى هەرێمى کوردستان کرد و دووپاتى کردەوە، گەلى کوردستان ڕێز و پێزانینى بۆ دۆستایەتى و پشتگیریى فەڕەنسا هەیە و خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ فەڕەنسا.
نێچیرڤان بارزانى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 8/9/2019 لە دیدارێکدا لەگەڵ ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسولى گشتیى نوێی فەڕەنسا لە هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایى بەبۆنەى دەستبەکاربوونییەوە لە ئەرکى تازەیدا، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و هەموو پشتگیرى و ئاسانکارییەکى بۆ دووپات کردەوە.
هەروەها ئاماژەى بە ڕۆڵى سەرۆك ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا کرد، لە پشتگیریکردنى هەرێمى کوردستان و هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوەى دیالۆگى هەولێر ـ بەغدا، کە لە ئەنجامدا هەردوولا توانییان هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنى هەندێ لە کێشەکان بنێن، هەوەرها پشتگیریى خۆى بۆ هەوڵەکانى فەڕەنسا لەپێناو چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانى نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە کوردستانى سووریا دەربڕى.
لە دیدارەکەدا هەردوولا تیشکیان خستە سەر دۆخى ئەمنى، سیاسى و ئابووریى عێراق و جەختیان لە گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدرال بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامیگیرى بەتایبەتى لە ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە.
کونسولى گشتیى فەڕەنسا لە هەولێر سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ هاوکاری و یارمەتییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران دووپات کردەوە، هەروەها تیشکى خستە سەر سەردانى چاوەڕوانکراوى سەرۆکى فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان.
H.B