فەرمانبەرێك 186 ملیۆن دیناری خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەبات

فەرمانبەرەكە دەدرێتە دادگا

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كارو كاروباری ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، فەرمانبەرێك بەتۆمەتی بردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەستگیركرا.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند: "بەتۆمەتی بردنی 186 ملیۆن دیناری مووچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی شارەزور دەستگیركرا".

ئاماژە بەوەشكراوە، كوێستان محەمەد، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دیارنەمانی مووچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان و چەند گرفتێكی تری بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانیان رۆژی یەكشەممە 8/9/2019، سەردانی هەڵەبجەی كردووە.

لە زاری وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئەوەخراوەتەڕوو، لەچوارچێوەی بەدواداچونیاندا، بۆ دیارنەمانی 186 ملیۆن دیناری مووچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان، لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی شارەزوور، فەرمانبەرێكیان رووبەروی دادگا كردوەتەوە و بە فەرمانی دادوەر و بەتۆمەتی دیارنەمانی ئەو پارانە دەستگیركراوە.

ھ.م