هەڵمەتی شوشتنی ئاژەڵ لە ھەرێمی كوردستان دەست پێدەكات
وەزیری كشتوكاڵ: ئەم هەڵمەتە بۆ پاراستنی هەمووان گرنگە
K24 - ھەولێر
ھەڵمەتی شوشتنی ئاژەڵ و شوێنی ئاژەڵەكان دژ بە ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون، لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "دەستمان کرد بە جێبەجێکردنی هەڵمەتی شوشتنی ئاژەڵ و رشاندنی شوێنی ئاژەڵەكان دژ بە ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون. مایەی خۆشحاڵیە ئەمساڵ هیچ حاڵەتێكی تای خوێن بەربوون لە کوردستانەکەمان تۆمارنەكراوە، بەڵام خۆپارێزی و رێگری کردن لە سەرهەڵدانی ئەو نەخۆشیە دەستمان بە هەڵمەتەكە كردووە".
وەزیری كشتوكاڵ لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئاشكرای كردووە، كە رۆژی یەكشەممە 8/9/2019، ھەڵمەتەكە دەستیپێكردووە و دەشڵێت: "لە یەکەم وێستگەدا لە گوندی باغەمرەی شەهاب لە دەشتی هەولێر لەگەڵ تیمەکان بووین بۆ دەستپێکردن بەو هەڵمەتە. کە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ پاراستنی تەندروستی کوردستانیان و سامانی ئاژەڵ، هەڵمەتەكە لەسەرتاسەری كوردستان دەستی پێكردووە، هەرچەندە ئەمساڵ هیچ حاڵەتێكی ئەو نەخۆشیە لە هەرێمی كوردستان تۆمارنەكراوە، لە ساڵی رابردوودا ئەو نەخۆشیە هەبووە و هەندێك حاڵەت تۆماركراون".
ئاماژەی بەوەشداوە: "وەزارەتی كشتوكاڵ بڕی 430 ملیۆن دیناری تەرخانكردوە بۆ كڕینی دەرمان و ئەو پێداویستیانەی لەو هەڵمەتەدا بەكاردەهێنرێن.
تای خوێنبەربوون نەخۆشیەكە لە ئاژەڵدا دروست دەبێت و بەهۆی قڕنەیەكەوە دەگوزارێتەوە بۆ مرۆڤ كە نەخۆشییەكی كوشندەیە.

ھ.م