مەسرور بارزانی: دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتنێک مافە دەستوورییەکانمان پارێزراو بن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 2019/9/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین هینیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە عێراق کرد و چه‌ند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كردووه‌.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە کرا. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن و ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بگەینە رێککەوتن بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانمان پارێزراو بن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  روونیکردەوە کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، بەڵام هەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام ، بەردەوام پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەران کردووە و هاوکاری پێویستی پێشکەش کردوون.

لە بارەی دۆخی کەرکووکیش هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور و ئاساییکردنەوەی باردۆخی دەڤەرەکە.