سهرۆك بارزانی: هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین
"بۆ چارهسهركردنی كێشهی ناوچه كوردستانییهكان ههولێر و بهغدا ههنگاوی باشیان بڕیوه"
K24- ههولێر:
ڕۆژی دووشەممە ٩ـی٩ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی لق و ناوچەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگاکانی دهۆك، مووسڵ و هەرسێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێر، (کەرکووك – گەرمیان) و (سلێمانی – هەڵەبجە) كۆبووهوه.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان، عێراق، ناوچەكە و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم.
سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی ئەندام و کادیرانی پارتی دەربڕی کە سەرباری هەموو گرفتەكان و ئەو هەموو پیلانگێڕییەی دژی پارتی لە ئارادا بوو، بەڵام بە هیمەت و خۆڕاگریی ئەندام و لایەنگرانی پارتی، پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بووە بە حزبی ژمارە یەك. هەروەها ڕۆڵی کادیرانی پارتی بەرز نرخاند، کە بە خۆڕاگری و بڕوابەخۆبوونەوە لەکاتی تەنگانەدا لەسەنگەری پاراستنی کوردستاندان و ئەگەر پارتی نەبا ئێستا نە هەرێم دەما و نە شکۆیەك بۆ گەلەکەمان دەمایەوە.
هەر لەوکۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتیمان و ڕایگەیاند، ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە پێشمەرگە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست.
سەرۆك بارزانی جەختیی کردەوە، پارتی لەکاتێکدا لەدایك بوو کە گەلەکەمان لە نائومێدییەکی گەورەدا بوو، پارتی بووە ئومێد و هیوای گەل و لەو ڕۆژەوە پارتی خاوەن ئامانجێکی ستراتیژییە هیچ پاشەکشەیەکیش لەو ئامانجە ستراتیژییە ناکەین، بۆیە پارتی هەمیشە لەپێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەکەماندا قوربانی داوە و هەرگیزیش لە بەرپرسیارێتی ڕاناکەین. سەرۆك بارزانی هەروەها ڕایگەیاند، کە ئەو دوو سەرکەوتنەی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان بەدەستی هێنا، پاداشتی گەلی کوردستان بوو بۆ هەڵوێستە نەگۆڕ و ستراتیژییەکانی پارتی و بەرگرییکردنمان لە کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە ڕەوشی ژیانی کادیرانی پارتی و ئەو سەختییانە درا، کە بەرەوڕوویان دەبێتەوە و بە تێروتەسەلی باسی ئەو هەنگاوانە کرا کە دەبنە هۆی بەرەوپێش بردنی کاروباری پارتی و باشترکردنی ژیانی کادیران.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا گفتوگۆ و دانوستان هەیە و هەنگاوی باش چوونەتە پێش و ئومێد دەکەین هەموو کێشەکان بەدیالۆگ چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینی و پێشنیازی ئامادەبووانی دایەوە.
H.B