وەزیری رۆشنبیری: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک بۆنەیەکی نیشتیمانیی مەزنە

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک دەستیپێکرد

K24- دهۆک:

ئەمڕۆ دووشەممە به‌ هاوبه‌شی میدیایی كوردستان 24، حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک دەستیپێکرد و سەدان هونەرمەند و فیلمسازی ناوخۆیی و جیهانی بەشدارییان تێدا کرد و وەزیری رۆشنبیریش بە بۆنەیەکی نیشتیمانیی مەزن ناوی برد.

سەرەتای فێستیڤاڵەکە، هونەرمەند و سینەماکاران بە فەرشی سووری هاتنە ناو هۆڵی فێستیڤاڵەکان لە زانکۆی دهۆک و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم لێدوانیاندا و میوزیكژه‌نی كوردی جیهانی، دڵشاد سەعیدیش پارچەیەك میوزیكی پێشکەشکرد.

فەرهاد ئەتروشی، پارێزگای دهۆک و سەرۆکی فێستیڤاڵەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی مەراسیمەکە رایگەیاند، ساڵانە ئەم فێستیڤاڵە بەردەوام دەبێت و سوپاسی پاڵپشتییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و 

راشیگەیاند، سینەمان بووەتە ئامرازێکی گرنگ بۆ پاراستنی كولتوور و لێكنزیکبوونەوەی گه‌لان.

لای خۆیەوە، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرنگی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکە گووتی: لەگەڵ ئەوەی سینەمان هونەرێکی مەزنە، پیشەسازییەکی گرنگیشە و سینەماکارانی کوردیش توانیویانە دەنگی میلەتەکەمان بۆ ئاستی جیهانی بەرزبکەنەوە.

گووتیشی: فێستیڤاڵی دهۆک بۆنەیەکی نیشتیمانیی گەورەیە بەوەی یەك هەزار دەرهێنەر لە ٧٢ وڵات بەشدارییان تێدا کردووە.

وەك دەستپێك، فیلمی  “کامیۆن” لە دەرهێنانی کامبۆزیا بارتۆڤی نمایشکرا و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو تەواوی فیلمە بەشدارەکان نمایش بکرێن.

H.J