پهیامی نێچیرڤان بارزانی بهبۆنهی ساڵیادی شۆڕشی مهزنی ئهیلوول
"شۆڕشى ئهيلوول وەك پێویستییەکی مێژوویی سەری هەڵدا"
K24- ههولێر:
نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت، شۆڕشی ئەیلوول بە ئەندازەی مەزنیی خۆی، دەستکەوتی مەزن و مێژوویی بۆ گەلەکەمان بەدیهێنا و شۆرشەكە وەك پێویستییەکی مێژوویی سەری هەڵدا.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی پەیامێكی لەبارەی ساڵوەگەری ھەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول بڵاوكردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، 58 ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنى ئەیلوولدا بە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەرایەتیی بارزانيی نەمر تێدەپەڕێت. ئەم شۆڕشە نیشتیمانییە یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی مێژووی گهلى كوردستان بۆ بەرگریکردن لە ماف و خواستە ڕەواکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی تاکڕەوی. پاش ئهوهى نهتوانرا بە خەباتی مەدەنی و تێکۆشانی جەماوەرییانە، خواست و داواکانی گەلەکەمان بهدى بهێنرێن، شۆڕشى ئهيلوول وەك پێویستییەکی مێژوویی سەری هەڵدا.
ئاماژە بەوەش دەكات، بڕوا و متمانەی کوردستانییان بە ڕێبەری شۆڕش و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکڕیزی و یەکگرتوویيی گەلەکەمان، سهرچاوهى بەهێزیی شۆڕش بوون کە لە ماوەیەکی کەمدا سەرجەم ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە و هەموو چين و توێژ و پێكهاته نهتهوهيى و ئايينييهكانى کوردستان، چالاك و دڵسۆزانە بەشدارییان تیادا کرد.
شۆڕشی ئەیلوول بە ئەندازەی مەزنیی خۆی، دەستکەوتی مەزن و مێژوویی بۆ گەلەکەمان بەدیهێنا، ئازادیی ئەمڕۆ و پێشکەوتنە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی کوردستان، زادەی ئەو دەستکەوتانە و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دواتر و ئەو قوربانییە مهزنانهن کە گەلی کوردستان لەپێناو مانەوە و ماف و ئازادی و ئاشتی و سەرفرازیدا، بەخشیویەتی.
بەرزڕاگرتنی ئەم ياده شکۆدارە، وێڕای ئەوەی ڕێزگرتنە لە مێژوو و قوربانی و سەروەرییەکانی گەلەکەمان، هاوکات بۆ لێفێربوون و وەرگرتنی وانە و پهندى گرنگه. شۆڕشی ئەیلوول سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە شۆڕش و ڕووبەڕووبوونەوەکانی گەلى كوردستان هەمیشە بۆ بەرگریکردن لە بوون و ناسنامە و داکۆکیکردن لە ماف و خواستە ڕەواکانی بووه. گەلەکەمان ههميشه بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی، دەستکەوتی مەزنی بەدەستهێناوە، کوردستانییانیش بە هەموو جیاوازییە ئیتنی و ئایینی و سیاسییەکانیانەوە، هەمیشە یەك چارەنووسیان هەیە و یەك ئایندە چاوەڕێیان دەکات.
وەفاداریی بۆ ئەم شۆڕشە مەزنە و شۆڕش و ڕاپەڕینە مێژوویيیەکانی گهلى كوردستان، کار و هەوڵی بەردەواممان لێ دەخوازێ بۆ پاراستنی دەستکەوتهكانمان و بهزیندووهێشتنەوەی ناو و کار و خەباتی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەران و سەربازە ونەکانی شۆڕش، بەر لە هەمووانیش شەهیدانى قارەمان. گەلی کوردستان خاوەنى مێژوویەکی پڕ سەروەرى و مايهى شانازييه، یەکێك لەو سەروەرییە مەزنانهش، شۆڕشی ئەیلوولە.
H.B