كه‌سوكاری تاریق داوای له‌ سێداره‌دانی بكوژانی كوڕه‌كه‌یان ده‌كه‌ن

له‌كاتی دادگاییكردنی بكوژانی تاریقی به‌قاڵ دەمەقاڵی و گرژی دروستبوو

K24 - سلێمانی:

لەدووەم دانیشتنی دادگایيکردنی دۆسیه‌ی کوشتنی تاریقی بەقاڵ، دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ ھەرسێ بکوژەکە دەرکرد، کەسوکاری تاریقیش داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن.

تاریق رۆستەم ناسراو بەتاریقی بەقاڵ، دوای چوار مانگ لە بێ سەروشوێنبوونی، لەنزیك شاری سلێمانی تەرمەکەی لەگەڵ کەسێکی دیکە دۆزرایەوە.

دوای دەمەقاڵی و دروستبوونی گرژی لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگایيکردنی بکوژانی تاریقی بەقاڵ، دادگا بە پێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی، سزای لە سێدارەدانی ھەتا مردنی بۆ ھەر سێ تاوانبارەکە دەرکرد.

لەکاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکە دوان لەسزادراوەکان دانیان بەتاوانەکەیان نا، بەڵام پەشیمانی خۆیان دەرنەبڕی لە ئەنجامدانی تاوانەکە، سزادراوێکی دیکەشیان ڕەتیکردەوە کە دەستی لەتاوانەکە ھەبووبێ.

گەرچی کەسوکاری تاریق، داوای جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی تاوانباران دەکەن، بەڵام بەھۆی جێبەجێنەکردنی لە سێدارەدان لە کوردستان، تا ھەتایە لەزیندان دەمێننەوە، تەنانەت ھیچ بڕیارێکی لێبوردنیش نایانگرێتەوە.

تاریقی بەقاڵ، دوای چوار مانگ لە بێسەروشوێنبوونی، لە نزیك شاری سلێمانی تەرمەکەی لەگەڵ کەسێکی دیکە دۆزرایەوە، ھەر لەوێش ئەنجامدەرانی تاوانەکە شێوازی کوشتنەکەیان خستەڕوو.

تاریق خاوەنی چوار منداڵە و 10 خوشکی ھەیە، تەنھا داواکاری کەسوکارەکەشی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بکوژانە.

ئ. م