به‌ تۆمه‌تی داعشبوون رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌دان خێزانی ئاواره‌ ده‌كرێت

سه‌رۆك هۆزێك: رێگە نادەین کەسوکاری ئەو داعشانەی دەستییان بە خوێنی رۆڵەکانمان سوورە بگەڕێنەوە

K24 - هه‌ولێر:

لە عێراق بە سەدان خێزانی ئاوارە بە تۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ چەكدارانی داعش رێگری لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان دەكرێت، ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەكانی شارۆچكەی سامەڕا لەلایەن سەرۆك ھۆزكانیانەوە رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

ئه‌و خێزانانه‌، لەنێو كەمپەكاندا بە چاوێكی جیاواز تەماشا دەكران، بە داعش و بنەماڵە و كەسوكاری چەكدارانی داعش ناویاندەهێنرێت، بەڵام خۆیان ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەنەوە.

یه‌كێك له‌ ئاواره‌كان ده‌ڵێت: "لێناگەڕێن بچینەوە ناوچەکانمان، پێمان دەڵێن ئێوە داعشن، بەڵام وانیە، ئێمە لە دەستی داعش رامانکردووە".

ئەوان لە دۆخێکی سەختدا لە نێو خانووە زێدەڕۆکانی نزیك دەرچایەی سەرسار ژیان بەسەردەبەن، خەڵکی ناوچەی ئيسحاقی باشووری سامەڕان.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و ئاوارانه‌ ده‌ڵێت: "دەمانەوێ بگەڕێینەوە ناوچەکانمان بەڵام رێگەمان پێنادەن و دەڵێن ئێوە داعشن، کوا ئێمە داعشین با بەڵگە بێننەوە و بیسەلمێنن ئێمە داعشین، بەڵام ئێمە داعش نین، ئێمە تەنیا داوا دەکەین رێگەمان بدەن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانمان".

به‌شێك له‌و خێزانانه‌ لە كەمپەكان دەركراون بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، بەڵام لەلایەن سەرۆك ھۆزەكانیانەوە رێگەیان پێنادرێت، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پەیوەندییان لەگەڵ داعشدا ھەبووە.

شێخ عەدنان ئەلبازی، سەرۆك ھۆزێكی ناوچه‌كه‌یه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "رێگە نادەین کەسوکاری ئەو داعشانەی دەستییان سوورە بە خوێنی رۆڵەکانمان بگەڕێنەوە".

بەھۆی ھێرشەكانی داعشەوە لە ساڵی 2015 بەسەدان خێزان لە سامەڕا و دەوروبەری ئاوارەبوون، كە زۆربەیان لە كەمپەكانی باكوور و رۆژئاوای بەغدا نیشتەجێ كران.

نزیكەی دوو ساڵە ناوچەكانیان لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركراون و دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاری داخستنی كەمپەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكانیان داوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لەو ئاوارانە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە چەكدارانی داعشەوە لەلایەن سەرۆك ھۆزەكانیانەوە رێگرییان لێدەكرێت لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان.

ئ. م