گۆڕان رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ھەڵدەبژێرێت
جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە
K24 - سلێمانی
لە چوارچێوەی ھەڵبژاردە ناوخۆییەكانی گۆڕان، ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە هەڵدەبژێرێت.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆدەبێتەوە و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە هەڵدەبژێردرێن".
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوو کەس بۆ پۆستی رێکخەری گشتی کاندیدن و 14 کەسیش کێبڕکێ بۆ پێنج ئەندامی خانەی راپەڕاندن دەکەن، یەکێک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش کە سکرتێری جڤاتی گشتییە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو هەڵبژێردرا و راستەوخۆ بووە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان پێكدێت لە حەوت كەس كە بریتیین لە رێكخەری گشتیی و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و سكرتێری جڤاتی گشتیی و سكرتێری فراكسیۆنەكان و سكرتێری باژێڕوانەكان و سكرتێری ژوورەكان و سكرتێری کاروباری خەڵك.
ھ.م