بۆردومانەکانی تورکیا 60 ماڵی لە باڵەكایەتی ئاوارە كرد
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا پێگەكانی پەكەكە بۆردومان دەكەن
K24 - چۆمان
بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆسەر پێگەکانی پەکەکە، نزیکەی 60 ماڵ لە سنووری ناحیەی قەسرێ-ی سەر بە پارێزگای هەولێر ئاوارە بوون.
شاخەوان حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ بە كوردستان24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو فڕۆکەکانی جەنگییەكانی تورکیا بە چڕی پێگەکانی پەکەکەیان لە سنووری ناحیەکەی قەسرێ بۆردومانکردووە و بۆردومانەکەش زیانی زۆری بە رێگاوبان و تۆڕەکانی کارەبا و رەزوباخی ھاووڵاتیان گەیاندووە".
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ ئاشکراشی کرد: "بەهۆی بۆردومانەکانی شەوی رابردوو نزیکەی 60 ماڵ لە گوندەكانی سنووری قەسرێ ئاوارە بوون".
روونیشی كردەوە: "نزیكەی 200 ماڵی سنووری ناحیەی قەسرێ بەھۆی بوردومانەكان لەژێر مەترسیدان، بەڵام تائێستا تەنھا 60 ماڵ ناوچە مەترسیدارەكانیان جێھێشتووە".
ھ.م