سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات
پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕانیشی لە ڕێكخەری گشتیی كرد
K24 - ههولێر:
سەرۆك مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەك رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، پیرۆزبایی لە عومەری سەید عەلی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
هەر لەو پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕانی لە ڕێكخەری گشتیی كرد.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرایەوە و توانی بەسەر رکابەرەکەیدا، شۆڕش حاجی، سەربکەوێت.
عومەری سەید عەلی لە کۆی 44 دەنگ توانی 28 دەنگ بەدەستبهێنێت و جارێکی دیکە وەک رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە.
هەروەها عەدنان عوسمان بە کۆکردنەوەی 22 دەنگ بە سکرتێری جڤاتی نیشتیمانیی و جەلال جەوهەر بە 33 دەنگ بە سکرتێری فراکسیۆنەکان هەڵبژێردران.
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکراشیکرد، برزۆ مەجید بە کۆکردنەوەی 23 دەنگ بە سکرتێری کاروباری خەڵک و د. دەرباز محەمەد بە کۆکردنەوەی 24 دەنگ بە سکرتێری کاروباری ژوورەکان هەڵبژێردران.
بەهۆی یەکسانبوونی ئەنجامی دەنگەکان، دووبارە هەڵبژاردن بۆ سکرتێری کاروباری باژێڕەکان ئەنجامدرا، لە دوووەم هەڵبژاردن، شەماڵ عەبدولوەفا توانی بە 22 دەنگ بەرامبەر بە 21 دەنگ بەسەر ئاسۆ رەحیمدا سەربکەوێت و پۆستەکە بۆخۆی مسۆگەر بکات.
پۆستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دوای هەڵبژاردن:
پڕۆفایلى عومەر سەید عەلی
ساڵی (1945) لەگەڕەكی شێخان لەشاری سلێمانی لەدایك بوە.
ساڵی (1974) خانەی مامۆستایانی لەسلێمانی تەواو كردوە وهەمان ساڵ بوەتە پێشمەرگە.
دوای نسكۆی شۆڕش لەژیانی سیاسی بەردەوام بوە، ساڵی (1975) بوەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان.
ساڵی (1976) لەگەڵ شەش سەركردەی كۆمەڵە دەستگیر كران.
لە (11/7/1976) بە شەش ساڵ زیندانی سزا دراوە.
ساڵی (1979) بەر لێبوردنی گشتی كەوتوە و ئازادكراوە.
دوای ئازادبونی لەزیندان بە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە، سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێردراوەتەوە.
ساڵی (1980) بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە لەبناری كێوەڕەش بریندار بوە، پاشان رەوانەی سوید كراوە، سەرپەرشتی رێكخستنەكانی یەكێتی كردوە لەئەوروپا.
لەسەرجەم كۆنگرەكانی یەكێتی بەئەندامی سەركردایەتی و پاشان مەكتەبی سیاسی هەڵبژێراوە.
ساڵی (1992) بوەتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.
ساڵی (2009) دەستی لەئەندامییەتی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كێشایەوە.
یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان.
کۆکاری فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بوە.
رۆژی (25/7/2017) بە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا.
رۆژی (14/9/2019) جارێکی تر بە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە