ھەولێر و بەغدا پڕۆسەی سەرژمێری گشتی تاوتوێ دەكەن

بڕیارە ساڵی داھاتوو لە عێراق سەرژمێری بكرێت

K24 - ھەولێر

دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاماری عێراق لەبارەی سەرژمێری 2020ی عێراق كۆدەبنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، ئەمڕۆ سیروان محەمەد سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان سەردانی شاری بەغدا دەکات و بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراق و ئەو کێشە و گرفتانەی لەمبارەیەوە هاتوونەتە پێش، لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی ئاماری عێراق کۆدەبێتەوە.

وێڕای تێبینی و نیگەرانییەكانی كورد، لە بە سیاسیی كردنی پڕۆسەی سەرژمێری، حكوومەتی عێراق بڕیاریداوە ساڵی داھاتوو سەرژمێری لە سەرتاسەری عێراق بە ناوچە كوردستانییەكانیشەوە ئەنجامبدرێت.

پێشتریش مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نیگەرانییەكانی كوردی گەیاندە وەزیری پلاندانانی عێراق و رایگەیاند، نابێت ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراق بە سیاسی بكرێت.

ھ.م