هەنگاوەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەستیپێکرد
"هەماهەنگی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە"
K24 – ههولێر:
ئەنجوومەنی باڵای سەرژمێری عێراق لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە و وەزیری پلاندانانی عێراق و نوێنەری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکەن.
عەبدولزەهرە ئەلهنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "مەبەست لە کۆبوونەوکە ئامار و سەرژمێرییە بۆ عێراق و شاندی هەرێمی کوردستانیش بەشدارن. باس لەوە دەکەین چۆن لیژنەکان ئامادە بکەین".
راشیگەیاند: "ئامێری پێشکەوتوو بۆ سەرژمێری بەکاردێن و سیستمی بایۆمێتریش بەکار دەهێنین".
ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە هەندێک کێشەی سیاسی بێنە پێشەوە، بەڵام خاڵی ئەرێنی زۆر هەیە کە وا دەکات لەم کارە سەرکەوتوو بین".
گووتیشی: "هەماهەنگی باش لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان هەیە و ئامرازی باش دانراون تاکو بتوانین سەرکەوتوو بین".
دواینجار لە عێراق سەرژمێری کرا ساڵی 1997 بوو کە 19 ملیۆن کەس بەبێ هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، لە ساڵانی 2007و 2010 هەوڵی سەرژمێری لە عێراق درا، بەڵام پرۆسەکە شکستی هێنا.
H.J