كەسوكاری راوێژ داوای لەسێدارەدانی بكوژانی كوڕەكەیان دەكەن

باوكی راوێژ: دەبێ بكوژان لەسێدارە بدرێن

K24 - سلێمانی

كەسوكاری راوێژ ساڵح، ئەو مێرمنداڵەی لەلایەن چەند كەسێكەوە بە بەرد كوژرا داوا دەكەن بكوژانی كوڕەكەیان لە سێدارە بدرێن.

دیار جەمال پەیامنێری كوردسیان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "دوای ئەوەی یەكێك لە بكوژەكان راوێژ، بە 20 ساڵ زیندانی سزادرا و ئەمڕۆش یەكێكی دیكە بەو تۆمەتە لە دادگای نەوجەوانانی سلێمانی دادگایی كرا، چونكە تەمەنی لە خوار 18 ساڵ بوو بە 15 ساڵ زیندانی سزا درا، بەڵام كەسوكاری راوێژ بە بڕیاری دادگای رازی نین و داوای تەمیزكردنەوەی دەكەن".

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باوكی راوێژ گوتی: "كوڕەكەم بۆ مۆبایلێك و 30 ھەزار دینار كوژراوە، ئەگەر بكوژێك بە 15 ساڵ رزگاری ببێت ھەموو كەس ئەم تاوانە ئەنجامدەدات، دادگا بڕیاریدا بە 15 ساڵ زیندانیكردنی بكوژەكەی، ئێمەش رەتیدەكەینەوە و داوای دەكەین بڕیارەكە تەمیزبكرێتەوە و بكوژەكان لە سێدارە بدرێن".

راوێژ ساڵح، تاقانەی پێنج خوشك بوو، لە  مانگی نیسانی 2019 لە گەڕەكی كەنەكە-ی سلێمانی لەلایەن دوو ھاوڕێی خۆی كوژرا. بەگوێرەی زانیارییەكان مۆبایلێكی بایی 700 دۆلار لەگەڵ 30 ھەزار دیناری پێبووە.

ھ.م