کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان رووسیا، تورکیا و ئێران بەڕێوەدەچێت

بۆ تاوتوێکردنی پرسێک ئەمڕۆ لە ئەنقەرە چاویان بەیەک دەکەوێت

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکانی رووسیا، تورکیا و ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لەبارەی کێشەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆدەبنەوە.

بەهۆی هێرشەکانی حکوومەتی سووریا بۆسەر ئیدلب و باکووری رۆژئاوای سووریا، ئەگەر هەیە جەنگێکی گەورە لە سووریا دروست ببێت و هەزاران کەسیش ئاوارەی تورکیا ببن.

ئیدلب دواین ناوچەیە کە چەکدارە یاخییەکان و ئیسلامییە توندڕەوەکانی تێیدا ماون و هێشتا لە لایەن بەشار ئەسەدەوە کۆنتڕۆڵ نەکراوە. ڤلادمیر پوتن و حەسەن رۆحانی سەرۆکانی رووسیا و ئێران، لە ماوەی ‌هەشت ساڵی جەنگی سووریا، پاڵپشتی رژێمەکەی بەشار ئەسەدیان کردووە، هەرچی ئەمەریکا، ئەوروپا، تورکیا و هاوپەیمانی عەرەبییە، پاڵپشتی هێزی جیاوازیان لە سووریا کردووە.

دوو ساڵ لەمەوبەر، مۆسکۆ و ئەنقەرە رێککەوتن کە تورکیا 12 بنکەی سەربازیی تایبەت بە چاودێرکردن لە باکوری رۆژئاوای سووریا دابمەزرێنێت و رێگری لە جەنگی نێوان حکوومەت و چەکدارە یاخییەکاندا بگرێت، بەڵام سەرەڕای بوونی ئاگربەست، بۆردومانکردنی ئیدلب بەردەوامە.

Reuters

H.J