"ئەمەریکا بەڵێنێکی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکان بە حەشدی شەعبی داوە"
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق چەند زانیارییەک ئاشکرا دەکات
K24 – ههولێر:
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکردووە، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا دەسەڵاتدارانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە رێگەنادەن هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەشدی شەعبی دووبارە ببێتەوە.
سەرۆکی کوتلەی سەنەد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکانی حکوومەت دەرکەوتووە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر حەشدی شەعبی ئەنجامداوە.
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش دەڵێت، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا بە دەسەڵاتدارانی عێراقیان راگەیاندووە، رێگەنادەن ئەو هێرشانە دووبارە ببێتەوە، چونکە زیانی بۆ بەرژەوەندییەکانی واشنتن لەو وڵاتە دەبێت.
بڕیاربوو لە دوو رۆژی رابردوودا، وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر بارەگا و کۆگاکانی حەشدی شەعبی رابگەیێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەو کارە هەڵنەستاوە.
ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی کوتلەی سەنەد لە پەرلەمانی عێراقی روونیکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکان لە هێرشی سەر کۆگا و جبەخانەکانی حەشدی شەعبی کۆتایی هاتووە و دەرکەوتووە ئیسرائیل هێرشەکانی ئەنجامداوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکییەکان لەبارەی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل، کەریم علێوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ماتیو توڵەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا بە فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی راگەیاندووە، ئەوان ئاگاداری هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەشدی شەعبی نەبوون.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی عێراق پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی عێراق لە ئەستۆی ئەمەریکییەکانە، بۆیەش دەبێت ئەوان پابەندی پاراستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە بن، ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردووەتەوە، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا فالح فەیازی دڵنیاکردووەتەوە، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لەبارەی رێگەنەدان بە پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق گفتوگۆ دەکات و رێگەنادەن ئەو هێرشانە دووبارە ببنەوە، چونکە زیانی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەبێت.
سەرچاوە: ئەلمەعلومە
H.J