پارێزگاری نوێی هەولێر سوێندی یاسایی خوارد
بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پارێزگاری نوێی هەولێر سوێندی یاسایی خوارد
K24 – ههولێر:
دواى دەرچوونى فەرمانى هەرێمیى بۆ دەستبەکاربوونى پارێزگارى نوێى هەولێر، سەر لەبەیانیى ئەمڕۆ دووشەممە 16/9/2019، لە رێوڕەسمێکدا لەبەردەم نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، فرسەت سۆفى وەک پارێزگارى نوێى هەولێر سوێندى یاسایى خوارد.
لە رێوڕەسمەکەدا کە رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ ئامادە بوو، نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى دەستبەکاربوونى لە فرسەت سۆفى کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەروەها سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ کار و خزمەتەکانى نەوزاد هادى، پارێزگارى پێشووى هەولێر دەربڕى.
لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پارێزگاری نوێی هەولێر رایگەیاند، دڵنیام کە فرسەت سۆفی بەبێ لایەنی خزمەتی گشت خەڵکی پارێزگای هەولێر دەکات و پشتیوانیی کارەکانی دەکەم.
پێشتر عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای کردبوو، لە دوای سوێندخواردنی فرسەت سۆفی وەك پارێزگار، دەست بە گۆڕانکاریی لە هەندێك پێگەدا دەکرێت.
پارتیی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە پارێزگاکانی دیکەش بە پێویست دەزانێت و لەم بارەیەوەشەوە سیروان بارزانی، ئهندامی سهركردایهتیی پارتی دەڵیت: "بەشێك لە بەرپرسان ماوەیەکی زۆرە لەو شوێنانەن و پێویستە بگۆڕدرێن".
رۆژی 12/09/2019، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بە فرسەت سۆفی وەک 41ەمین پارێزگاری هەولێر دا و لە دوای سوێند خواردنەکەی راستەوخۆ دەستبەکارەکانی دەکات.

H.J