پەیامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە یادى کۆمەڵکوژیى گوندى سۆریادا

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمى کوردستان وەك هەمیشە لانەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى بۆ هەمووان دەمێنێتەوە

K24- هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 50 ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی گوندی سۆریا له‌ سنووری قه‌زای زاخۆ له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی راگه‌یاند:

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:‌

ئەمڕۆ لە یادى پەنجا ساڵەى کۆمەڵکوژیى گوندى سۆریای ناوچه‌ی زاخۆدا، کە ساڵى 1969 لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە ئەنجام درا و تیایدا (39) کەس لە منداڵ و ژن و پیاوى مەسیحى و موسڵمان پێکەوە شەهید کران و زیاتر لە (20) کەس بریندار بوون، بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە و سەرى ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین.

کۆمەڵکوژیى گوندى سۆریا یەکێکى دیکە بوو لەو زنجیرە تاوانەى بێ جیاوازى دەرهەق بە هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى کوردستان ئەنجام دەدران. هەمان ساڵ لە گوندى دەکاى سنوورى ئاکرێش زیاتر لە (70) منداڵ و ژن لە ئەشکەوتێکدا سووتێنران.

لەم یادەدا دووپاتى دەکەینەوە، کە هەرێمى کوردستان وەك هەمیشە لانەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى بۆ هەمووان دەمێنێتەوە و داواکارین کەیسى گوندی سۆریاش لە دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق یەکلا بکرێتەوە و کەسوکارى قوربانییان قەرەبوو بکرێنەوە.

سڵاو و دروود بۆ گیانى هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

١٦/٩/٢٠١٩

H.B