وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ماوه‌ی خوێندنی پێداگۆجی كه‌م كرده‌وه‌

پرسى ڕۆژانى ئامادەبوون چارەسەرکران

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ بەسەرپەرشتى ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى سێنتەرەکانى پێداگۆجى بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کۆرسەکانى پێداگۆجى لە نۆ مانگەوە بۆ شەش مانگ و لەهەندێک سه‌نتەریش کە سێ رۆژ لە هەفتەیەک، بوو بۆ دوو رۆژ لە هەفتەیەک ماوه‌ی ده‌وام کەم کرایەوە.

لە وتەیەکدا ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، پێداگۆجى پرۆژەیەکى گرنگە بۆ گۆڕینى شێوازى گەیاندنى زانستى و درووستکردنى کارامەیى لە وڵاتەکەمان، بۆ ئەمەش سوپاسى سەرجەم تیمى پێداگۆجى کرد کە خۆبەشانە سەربارى کارەکانیان توانیویانە لەهەر پێنج سه‌نتەرەکانى پێداگۆجى خزمەت بکەن و وەکو یەک تیم لە زاخۆ تا گەرمیان کۆرسەکانى پێداگۆجى سەربخەن، هەروەها سوپاسى کردن کە هەندێک لەو گرفتانەى لەلایەن بەشداربووانەوە پێشکەش کران بەتایبەتى پرسى ماوەى خوێندن هەروەها پرسى ڕۆژانى ئامادەبوون چارەسەرکراون.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا و لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا لە خولى ئایندەوە ماوەى کۆرسەکانى پێداگۆجى لە نۆ مانگەوە بۆ شەش مانگ و لەهەندێک سه‌نتەریش کە سێ رۆژ بو لەهەفتەیەک، بۆ دوو رۆژ لە هەفتەیەک کەمبکرێـتەوە، واش بڕیارە لەنزیکترین کاتدا خولى نوێى کۆرسەکانى پێداگۆجى لە هەرێى کوردستان دەستپێبکاتەوە. بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نزیکترین دەرفەتدا دەستپێکردنى ناو تۆمارکردن ڕادەگەیەنێت.