راهێنه‌ری دۆرتمۆند: زانیارم بۆ وه‌ستاندنی بارسێلۆنا كۆكردۆته‌وه
لوسیان فاڤرێ: یاریكردن له دژی مێسی جیاواز ده‌بێت
پێش یارییه‌كه‌یان دژی بارسێلۆنا، راهێنه‌ری دۆرتمۆند جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه بۆ وه‌ستاندنی بارسێلۆنا زانیاری كۆكردۆته‌وه و ئامۆژگاریشی وه‌رگرتووه.
لوسیان فاڤرێ راهێنه‌ری سویسری یانه‌ی بوروسیا دۆرتمۆندی ئه‌ڵمانیا له پرێس كۆنفرانسێك له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی بارسێلۆنا ئاماژه به قورسی یارییه‌كه ده‌كات، ده‌شڵێت: یاریكردن له دژی لیۆنێل مێسی جیاواز و قورس ده‌بێت.
فاڤرێ راهێنه‌ری دورتمۆند هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه پێش ئه‌و یارییه له لایه‌ن چه‌ندان كه‌سی شاره‌زا ئامۆژگاری كراوه ده‌شڵێت: به‌هه‌بوونی پاكۆ ئالكاسێر دڵم خۆشه كه پێشتر له بارسێلۆنا یاری كردووه و ئێستا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دایه.
فاڤرێ له پرێس كۆنفرانسه‌كه داوای له هانده‌رانی یانه‌كه‌ی كرد به‌جۆش و خرۆشه بۆ ئه‌و یارییه ئاماده‌بن و هانی تیپه‌كه‌یان بده‌ن، ده‌شڵێت: ده‌زانم ئه‌ركمان سه‌خته، به‌وپێیه‌ی تیپی به‌رامبه‌ر جگه له مێسی چه‌ندان ئه‌ستێره‌ی دیكه‌ی هه‌یه كه رۆڵی هێرشبه‌ر ده‌بینن.
له یه‌كه‌مین یاری وه‌رزی نوێی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپا، سبه‌ی شه‌و له كاتژمێر 10:00ـی شه‌و له یاریگه‌ی سیگناڵ ئیدونا پارك دۆرتمۆند میوانداریی بارسێلۆنا ده‌كات.