پارێزگاری نوێی هەولێر دەست بەکاربوو

بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی هەولێر بەڕێوەچوو

K24 – هه‌ولێر:

بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری نوێی هەولێر، فرسەت سۆفی، لە رێوڕەسمێکدا دەستی بەکارەکانی کرد.

لە سەرەتای رێوڕەسمەکە، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کاک نەوزاد وەکو ئەندازیارێک لە هەر شوێنێک کاری کردبێت جێ پەنجەی دیار بووە و هیوادارم لە ئەرکە نوێیەکەی سەرکەوتوو بێت".

راشیگەیاند: "پیرۆزبایی لە د. فرسەت دەکەم، وەکو کادیرێکی ئەکادیمی و ئیداریی هەولێر دەست بەکارەکانی دەکات".

ئاماژەی بەوەشدا: "فرسەت لە ناو خەڵک هاتووە و دەتوانێت لە ئێش و ئازاری خەڵک تێبگات".

لای خۆیەوە نەوزاد هادی، پارێزگاری پێشووی هەولێر گووتی: "هیوادارم هەموو یەکە ئیدارییەکان پاڵپشتی تەواوی د. فرسەت سۆفی بکەن کە بە هەستێکی نیشتیمانپەروەرانە کارەکانی دەکات".

لە رێوڕەسمەکە، فرسەت سۆفی بەڵێنی خزمەتکردنی خەڵکی هەولێری دا و رایگەیاند: "شەو و رۆژ دەخەینە سەر یەک تاکو بتوانین خزمەتی زیاتری خەڵکی ئەم شارە بکەین و داواش دەکەم هەموومان بە یەک تیم کارەکان بکەین چونکە کەسمان بە تەنها هیچ نین".

دوێنێ دووشەممە 16/09/2019، فرسەت سۆفی لە بەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پارێزگاری نوێی هەولێر سوێندی یاسایی خوارد.

H.j